ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بۆکان، لە پەیامێکدا شەهیدکردنی "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی کورد بە دەستی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ڕێژیمی کۆماری ئاخوندی بە لەسێدارەدانی شەهید "حەیدەر قوربانی"، ئەویش لەو کاتەدا کە دوو ڕۆژ دوای تێپەڕینی ٢٦ی سەرماوەز، بە بیری تەسکی قیناوی و داخ لە دڵ دەیهەوێت تۆڵە لە حیزبی دێموکرات و گەلی کورد و پێشمەرگەی شاخ و شار و نەتەوەی کورد و ئازادیخوازان و مافویستانی نەتەوەی کورد بکاتەوە و چاوترسێنیان بکات. با ڕێژیمی ئێران باش بزانێت کە بە ڕاگەیاندنی خەباتی ڕاسان، دار و بەردی ئەو نیشتمانە دەخرۆشێت و بەگژیاندا دەچێتەوە. ڕێژیمی دژەکورد و مرۆڤکوژی جەماران کە لە پەلەقاژەی کۆتایی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیدایە، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا وەکوو یەک بە یەک ڕێژیم و ملهۆڕانی پێش خۆی بە زبڵدانی مێژوو دەسپێرین. ئێمەی نەتەوەی کورد بە شەهیدبوون و لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانمان دەستەوەستان و چاوترسێن نابین، بەڵکوو بەگوڕتر لە جاران خەباتی خۆمان چڕتر دەکەینەوە بۆ ڕووخانی ڕێژیم.
بڕووخێت کۆماری نامرۆڤانەی جەماران
سەرکەوێت گەلی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکڕات
سەرکەوێ ڕاسان
ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بۆکان ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی