ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سنە بەبۆنەی هاتنی جێژنی نەورۆز و ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی لە پەیامێکدا جێژنی نەورۆزیان لە سەرجەم خەڵکی کوردستان بەگشتی و لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دایکی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزیان پیرۆزبایی کرد.
دەقی پیامەکە بەم چەشنە:
لە کاتێکدا ساڵی نوێ جێژن دەگرین و بەرەو بەهاری ساڵی تازە هەنگاو دەنین کە نیشتمانمان گیرۆدەی نەخۆشینێکە نەک هەر کوردستان بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، گەرچی لە مێژە ئەم وڵاتە بەدەست دەیان نەخۆشیی ترەوە دەناڵێنێت و قورسایی چەکمەی داگیرکەران و چەوسێنەران کەمتر لە قورسایی کۆرۆنا نییە و مافی پێشێلکراوە و ئازاری دەیان و سەدان ساڵەی لە ئەستۆیە و بەردەوام بەربەرەکانێی کردووە و کۆڵی نەداوە و ئەمە یەکەم نەورۆز نابێت کە کورد بەگشتی، بە ئازارەوە تێپەڕاندبێتی.
بەڵام ئەو تایبەتمەندییەی کە نەورۆزی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو جیا دەکاتەوە، نەخێر وتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو بە هەڵبژاردنەکانی ماوەیەک لەمەوپێشی ڕێژیم و بە تێکڕا نائۆمێدکردنی دەسەڵاتێکی فاشیستی چوار دەیەی ڕابردوو.
کەوابوو ئەمساڵ لە ناخی دڵەوە دڵخۆشین بەوەی کە ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران نەک هەر لە ناوچە بەڵکوو لە ئاستی جیهان دوایین قۆناغی تەمەنی تێدەپەڕێنێت و دەتوێتەوە.
ئێمە تەشکیلاتی سنە بە هیوای ئەو ڕۆژانە نەورۆزی ئەمساڵ لە سەرجەم خەڵکی کوردستان بەگشتی و لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دایکی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان و زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزیان پیرۆزبایی دەکەین و بە شێعرێک لە خوالێخۆشبوو ''عێڵ بەگی جافەوە'' بەرەوپیری نەورۆز و ساڵی تازەوە دەچین.
عێڵ بەگی دی دڵشاد دەبێ
لە دەرد و غەم ئازاد دەبێ
یارانی گشت لە یاد دەبێ
دوژمن لە زاری و داد دەبێ