ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدانی ئەم دواییانەی گەلەکەمان وپوستێر و تراکت و دروشمی تایبەت بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی پوستێر و تراکت و دروشمی تایبەت بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم وەک: ''دەنگدان بە ڕێژیم خیانەت بە خوێنی شەهیدانە، دەنگ نادەم بە بەردەوامیی ستەم، دەنگدان ڕەواییدانە بە بەردەوامیی ستەم، بەشداری لە شانۆگەریی هەڵبژاردن ڕەواییدانە بە جینایەت'' ئەو چالاکییەیان بەڕێوە برد و داوایان لە خەڵک کردووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری نەکەن.
هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لەو چالاکییەدا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدان بەتایبەت شەهیدان "سمکۆ مەحمەڵ، سۆهراب خەدیریپوور، هادی شێخە و ئەیووب سوڵتانی" یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
ئەو شوێنانەی کە لە شنۆ چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''ئەمیرئاباد، شێخ عەبدول عزیز، سەیدئاوێ، قەبری شەهیدان، مام تەمر، شەهرەک، ئێرانخۆدرۆ، سەعید ئەمینی، حەنەفیان، چوار ڕا، پردی بازاڕ و گوندی تاچیناوێ''.