ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغیدا لە ''قوروە'' وەکوو هێزی شار پشتیوانیی خۆیان لە شاخ ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرکێکی حیزبی دربڕی.
تێکۆشەرانی دێموکرات لەسەر ڕێگای نێوان قوروە و دێولان ڕووبەڕووی "سیلۆی زارعی، ئاوایی شانەوەرەکانی مامە ئیسماعیل، ئاوایی پیر باباعەلی، ئونگان و گەنجی'' بە نووسینی دروشم بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆیان لە حیزب و هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاند.
هاوکات لە شاری شنۆ ڕۆڵە ماندوویینەناس و دڵسۆزەکانی حیزبی دێموکرات لە گەڕەکی ''ئەمیرئاباد'' لە چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغیدا پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە و ئیرادەی پۆڵایینی خۆیان بۆ هەر ئەرکێکی حیزبی پیشان دا.
هەڵوێستی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بۆ پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ناوچە شاخاوییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی بۆردومان کرد.