ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردی پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی پیرۆزبایی ئەندامان و ڕۆڵەکانی نیشتیمانپارێز بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێ و نەورۆزی ٢٧٢٠ــی کوردی لە شاری پیرانشار
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردی ئێمە وەکوو ئەندامان و ڕۆڵەکانی نیشتیمانپارێزی پیرانشار گەرمترین پیرۆزبایتان ئاراستە دەکەین.
جێژنی نەورۆز کە هێمای خۆڕاگری و مانەوەی گەلی کوردە، ئەمساڵ بەداخەوە بەهاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەهۆی هاتنی ئەو ڤایرۆسە بۆ کوردستان نەتواندرا ئاگری نەورۆز بەشێوازێکی بەرفراوان وەکوو ساڵانی پێشوو هەڵکرێت.
ئێمە داوا لەهاونیشتیمانیان دەکەین کە بە هیچ شێوەیەک کۆڕ و گردبوونەوە لەهیچ شوێنێک ئەنجام نەدرێت. هەروەها بۆزیاتر خۆپاراستن لەڤایرۆسی کۆڕۆنا دواکارین لەماڵەکانتان بمێنەوە و تەبایی و یەکگرتوویتان بکەن بە بڵێسەی ئاگری نەورۆز و ببن بە کوێرکەری چەقڵی چاوی دووژمن و داگیرکەر.
هیواخوازین ساڵی نوێ ساڵێکی پڕلەخۆشی و پڕلەدەسکەوت بۆ هەموو لایەکتان بێت
جارێکی دیکه بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگەکانی حیزب، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین و پەیمان نوێ دەکەینەوە تا دوایین دڵۆپی خوێن و هەناسەی ژینمان وەفاداری ڕێگای شەهیدان "قازی، قاسملوو و شەڕەفکەندی" بین.
بـڕوخێ کۆماری پەت وسێدارە
٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ی کوردی ئەندامان و ڕۆڵە نیشتیمانێپارێزانی شاری پیرانـشار