کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی مێراو بەبۆنەی یادی ٧۵ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات پەیامێکیان بڵاو کردەوە

12:29 - 24 گەلاوێژ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی "مێراو" سەر بە ژاوەرۆی سنە، بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی شاخ و شار

ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

٧٥ ساڵ بە دامەزرانی یەکەمین حیزبی مودێڕن لە کوردستان تێپەڕ دەبێت و یوبیلی خەبات و تێکۆشانی بە ڕەنگی ئەڵماسییەوە لە سەنگەرەکانی بەرگریی نیشتمان و ئەستاندنی مافی گەل هەر ڕاساوە دەدرەوشێتەوە.

٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشان لە پێناو ماف، ئازادی، دادپەروەری، کرامەت و گشت ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و تێپەڕاندنی قوناغگەلێکی دژوار و پڕ هەوراز و نشێو لە نیشتمانێکی داگیرکراودا کە بە دڕندانەترین شێوە و لە هەموو ڕەهندێکەوە هێرش دەکرێتە سەری، تەنیا حیزبێک دەتوانێت لە وەها بارودۆخ و هەلومەرجێکدا سەنگەرەکانی خەباتی ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر و بە تینتر بێت کە خەڵک و جەماوەری گەلەکەی پاڵپشتی بێت.

حیزبی دێموکراتیش هەر وەکوو لە ئارمەکەیدا دیارە حیزبی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانە، بۆیە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بە هەموو ڕوانگە جیاوازەکانەوە خۆیان تێیدا دەبیننەوە و ڕوو دەکەنە ڕیزەکانی ئەو حیزبە و خەباتی نەتەوەییی حیزبەکەیان درێژە پێ دەدەن.

ئێمە وەکوو ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی مێراو سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، وێڕای پیرۆزبایی یادی ٧۵ ساڵەی دامەزراندانی حیزبی دێموکرات و درەوشانەوەی وریشەی یوبیلیی ئەڵماسیی حیزبەکەمان لە هەموو ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان، بنەماڵەی سەربەرزی سەرجەم شەهیدان، زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگری، کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و هەروەها لە هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین.

لە کۆتاییی پەیامەکەمان و لەم بۆنە پیرۆزەدا، جارێکی تر پەیمانیی وەفاداری لەگەڵ ڕێبازی حیزبەکەمان نوێ دەکەینەوە کە تاکوو سەرکەوتن ڕێبواری ڕێگای شەهیدان بین هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانیان.

بژی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان

هەر ڕاساو بێت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درەوشاوە بێت یووبیلیی ئەڵماسیی حیزبەکەمان

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوایی مێراو

٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی