کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا: ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هیچ ئاکامێکی نییە

12:02 - 28 رێبەندان 2721

١٦٥ ئەندامی کۆماریخوازی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە نامەیەکدا هۆشدارییان بە "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا داوە هەر شێوە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران هیچ ئاکامێک ئەرێنی نابێت.

ئەو نوێنەرانە ڕایانگەیاندووە سەرکۆماری ئامریکا ناتوانێ گەرەنتیی مانەوەی وڵاتان لە ڕێککەوتنی "بەرجامـ"ـدا بکات .

ئەو نوێنەرانە ڕایانگەیاندووە "جۆ بایدن" بە بێ پەسندی کۆنگرەی ئامریکا لەگەڵ ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕێک بکەوێ، ئەو ڕێککەوتنە کاتی دەبێت و چارەنووسەکەی هاوشێوەی "بەرجام" دەبێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتر "حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکدا وتبووی دەوڵەتی ئامریکا نایهەوێت گەرەنتیی مانەوەی وڵاتانی دیکە لە ڕێککەوتنی "بەرجامـ"ـدا بکات هەر بۆیە پێشنیاری کردبوو کە کۆنگرەی ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا پێبەندیی خۆی بە "بەرجام" ڕابگەیەنێت.

ئەو نوێنەرانە وتوویانە هەر ڕێککەوتنێک کە گەرەنتیی کۆتاییهێنان بە پشتیوانی لە تێرۆریزم، ئازادیی بارمتە ئامریکاییەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران نەکات، دژایەتی دەکەن.

ئەو ئەندامانەی کۆنگرە هەروەها داوای گەمارۆ و گوشارهێنانی زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەکەن.