لە بەربەری ١٢ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ''سمایل شەریفزادە'' کە بە ڕۆژی خوێندکاری کورد ناودێر کراوە، ئەندامانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەسەر گڵکۆی شەهید ''سمایل شەریفزادە'' پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
ئەندامانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕیان بەرز ڕاگرت و بەردەوامیی خۆیان لە درێژەدانی ڕێگا و ئامانجی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان دووپات کردەوە.
هەروەها ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕ لە شاری سنە بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە، بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو شاردا چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە بردبوو.
گلکۆی شەهید سمایل شەریفزادە، چەندین ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تێک درابوو و ئاسەوارەکانیان سڕیوەتەوە.
شەهید سمایل ڕۆڵیکی گرینگ و شوێندارنەری لە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هەبووە و هەر بەهۆی ئەم شوێندانەرییە و پێگەی بەرزی، ناوبراو وەکوو سیمایەکی خوێندکاری لە جووڵانەوەی نەتەوەیی - دێموکراتیکی کوردستاندا ناسراوە.