کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "دیواندەرە" کۆچی دوایی کرد

11:17 - 12 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "محەممەد فەتحی"، خەڵکی ناوچەی "دیواندەرە"، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "محەممەد" ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی لە گوندی "کەپەک" سەر بە "دیواندەرە" لەدایک بوو.

هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەیوەست بوو بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتیی لە شان کرد. ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە شەڕێکی داسەپاو بەسەر کوردستان، لە بەرگرییەکی قارەمانانەی نێو شاری سنە بەتوندی بریندار کرا.

ناوبراو وەک پێشمەرگەیەکی وەفادار بە ڕێبازی پێشەوا لە ناوچەی "قۆزڵاخ" سازمان دراوە و درێژەی بە خەبات و تێکۆشان داوە.

کاک "محەممەد" هەتا ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی بۆ ماوەی ٦ ساڵ پێشمەرگەی حیزب بووە و دواتر بەهۆی کۆچی دوایی هاوژینەکەی لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات گەڕایەوە بۆ لای منداڵەکانی و ئەمجارە وەک ئەندامێکی دڵسۆز و تێکۆشەر درێژەی بە خەبات داوە و هەتا دواهەناسە بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان وەفادار مایەوە.

تەرمی ئەو ئەندامە حیزبدۆست و نیشتمانپەروەرە لە شاری "دیواندەرە" بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.