ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ مام "هۆمەر خالیدی" کوڕی "بەکر" خەڵکی گوندی "شۆشمێ" سەر بە بەخشی "نەوسوود" لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو کەسێک بووه لە سەرەتای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ڕووخانی نیزامی پاشایەتی لەلایەن گەلانی ئێرانەوە لە ساڵی ٥٧دا هاتە ڕیزی شۆڕشەوە و لە یەکێک لە کۆمیتەکانی حیزب وەک ئەندامی حیزبی دەستی بە کار کرد.
مام "هۆمەر" لەبەر ئەوەیکە خەڵکی گوندی "شۆشمێی خواروو" بوو؛ گوندەکەیان لە سەر سنووری ئێران و عێراق بوو و یارمەتی بە خەباتگێڕانی کوردستانی باشوور دەکرد و بوارەکەش بۆ هاوکاریی ناوبراو لە حیزبی دێموکراتدا لەبارتر بوو.
داوای ئەوەیکە خەباتی چەکداریی حیزبی دێموکرات دەستی پێکرد وەک پێشمەرگەیەک چەکی بەرگریی لە خاک و نیشتمانی کردە شان. مام "هۆمەر" لە ماوەی ژیانیدا لە "هەورامان" وەک ئەندامێکی چالاک کاروباری حیزبی بەڕێوە بردووە.
ماڵی ناوبراو هەمیشە جیگای حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزب بووە. هیچ کەس نییە لە کۆمیتە شارستانی "هەورامان" مام هۆمەر نەناسێت. تەنانەت پێشمەرگەکانی مەڵبەندی ١ی کوردستانیش لە وەرزی زستاندا لە ماڵی ناوبراو وچانیان دەدا.
مام "هۆمەر" لە ساڵەکانی ٥٨ هەتا ٦٦ بە هەموو تواناوە خزمەتی بە حیزبی دێموکرات کردووە.
مام "هۆمەر" کوڕێکیشی پێشمەرگە بووە و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو ئەندامە دڵسۆز و تێکۆشەرە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری مام "هۆمەر" دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.