کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "کرماشان" کۆچی دوایی کرد

13:14 - 6 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "حەسەن پیری" خاڵکی شاری "گیەڵان" سەر بە پارێزگای "کرماشان" لە تەمەنی ٤٩ ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە  لە "تاران" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "حەسەن" مامۆستای زمانی ئینگلیزی، شاعیر و ئەندامێکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری حیزب بوو.

ناوبراو چەندین‌ جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ دوایین ‌جار لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی بە تۆمەتی "چالاکیی حیزبی" و "پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" دەسبەسەر کرا و حوکمی شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو ئەندامە تێکۆشەرە چەندین ‌جار بەهۆی چالاکییە حیزبییەکانیەوە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا و لە ئاکامدا لەسەر کارەکەی دەرکرا و لە "تاران" نیشتەجێ بوو.

مامۆستا "حەسەن" هەتا دواساتەکانی ژیانی هۆگری نەتەوە و نیشتمانەکەی بوو و بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا، لە گۆڕستانی "میلەیلیـ"ـی شاری "گیەڵان" بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.