کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە "بۆکان" کۆچی دوایی کرد

12:35 - 27 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندام و هەروەها پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک "حەسەن قادری" ناسراو بە "حەسەن ئارپیجی"، خەڵکی شاری "بۆکان"، لە نەخۆشخانەی "میاندواو"، دوای تەمەنێک پڕسەروەری ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "حەسەن قادری" ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی، لە گوندی "حاجی ئاباد"ی چۆمی مەجید خان لەدایک بووە.

ئەو پێشمەرگە دێرینە لە دوای شۆڕشی گەڵانی ئێران، لە ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٥٧ کە حیزبی دێموکرات خەباتی ئاشکرای خۆی دەست پێکرد، بریاری دا کە ببێتە پێشمەرگە و چەکی بەرگریکردن لە گەل و نیشتمانەکەی لە شان کرد و لە هێزی " ۱۱۰ی بەیان" سازمان درا.

کاک حەسەن لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چوار جار لە شەڕ دژی ڕێژیمی داگیرکەر بریندار بووە و چاوێکی لەشەڕدا لەدەست داوە.

ناوبراو لە چەندین شەڕ وەکوو: شەڕەکانی "ماینبڵاغ"، "هاچه‌سوو" و"هۆڵەسوو"، شەڕی پادگانی سەقز و جادەی "سەقزــ بۆکان"، "بۆکان ــ میاندواو" و "مەهاباد ــ بۆکان"، شەڕەکانی "لەگزی"، "قەرەکەند"، "هورتەکەند"، "شامات"، شەڕەکانی "سەراو"، "عەربەنووس"، "شاریکەند"، شەڕەکانی نێوشاری "بۆکان" و ناوچەی "مەهاباد"، گرتنی پایەگاکانی "حوسێن مامە"، "قاقڵاوا" و "کەلی وەنەوشە" و هەروەها گرتنی ستوونی "٨۰۱ی شیراز" ڕۆڵی بنەڕەتی و بەرچاوی هەبووە.

کاک حەسەن ساڵی ١٣٦٢ لە سەر داوای خۆی لە لکی دووی هێزی "پێشەوا" سازمان درا.

ساڵی ١٣٦٤ بەهۆی برینداربوونییەوە  لەسەر ئیزنی حیزب ڕۆیشتەوە نێو بنەماڵەکەی و هەتا دواساتەکانی ژیانی وەکوو ئەندامێکی وفادار بە حیزبەکەی چالاکی و تێکۆشانی هەبووە.

تەرمی کاک "حەسەن" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.