ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۳۰ی سەرماوەزی ۱٤۰۰ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "شارۆخ ئیبراهیمی" کوڕی حاجی "زاهیر"، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک "شارۆخ" ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات بوو و لە هاوکاریکردنی پێشمەرگەکان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، یارمەتیی ماڵی و هەروەها گەیاندنی زانیاری، ئەرکەکانی خۆی بوێرانە بەڕێوە بردووە.
برایەکی ئەو ئەندامە چالاکە بە ناوی "وریا ئیبراهیمی" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و بۆ بەرگری لە خاک و گەلەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.
کاک "شارۆخ" هەتا دواهەناسەی ژیانی بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار، لە زێدی خۆی و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکرات، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو ئەندامە تێکۆشەرە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.