کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە "ورمێ" کۆچی دوایی کرد

13:48 - 31 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "زولفعەلی فەرەجی‌بەند"، خەڵکی گوندی "بەند"ی ورمێ بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "زولفعەلی" لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، پەیوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرتبوو و لە هێزی شەهید "نحۆ" لە ورمێ سازمان درابوو.

ناوبراو هەتا ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە مەتەرێزی خەبات بۆ گەل و نیشتمان، ئەرکی حیزبیی خۆی بەڕێوە دەبرد. دواتر بە هۆکاری تایبەتی بنەماڵەیی، لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی و ئەمجارە وەکوو ئەندامێکی لێهاتوو درێژەی بە خەباتی تەشکیلاتیی خۆی دا.

ئەو ئەندامە تێکۆشەرە، کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگای ڕێزی ناوچەی "تەرگەوەڕ" و "مەرگەوەڕ"ی ورمێ بووە.

برازایەکی کاک "زولفعەلی" بە ناوی "ئەمیر فەرەجی" بەهۆی ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەرەوە دەسبەسەر کرا و لەگەڵ پێنج هاوڕێی دیکەی لە دادگای بێ دادەکانی کۆماری پەت و سێدارە شەهید کران.

کاک "زولفعەلی" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "زولفعەلی فەرەجی‌بەند" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.