کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە "پیرانشار" کۆچی دوایی کرد

13:47 - 31 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی هەینی ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستا مەلا "محەممەد ڕەسووڵی" ناسراو بە مەلا "محەممەد زوودی"، ئەندامی حیزبی دێموکرات، کەسایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیمایەکی خۆشناو و نیشتیمانپەروەر لە ناوچەی "پیرانشار" دوای تەمەنێک ژیانی پڕسەروەری، بەهۆی نەخۆشی ماڵاویی لە ژیان کرد.

کۆچی دوایی مامۆستا مەلا "محەممەد" هەم بۆ تەشکیلاتی حیزبەکەمان لە ناوچەکانی "پیرانشار" و هەم بۆ  تێکڕای خەڵکی "بەری مێرگان" سەر بە ئەو شارە خەسارێکی گەورەیە.

مامۆستا مەلا "محەممەد" هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوەتییەوە و لە کاتی خوێندن لە حوجرەکانی کوردستاندا، لەسەر دەستی مامۆستا تێکۆشەرەکانی ئەودەمی کوردستان، لەگەڵ تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات پەیوەندیی پەیدا کردووە.

دواتر لە سەردەمی دەستپێکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧دا، بەهۆی پەیوەندیی نزیک و هاوکاریی بەردەوام لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزب بەتایبەت شەهیدان "مەلا ئاوارە، ساڵح لاجانی و سولەیمان موعینی"  و  زۆربەی کادرەکانی دیکەی حیزب و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب، کەوتە بەر پەلاماری ساواک و ناچار کرا ڕوو بکاتە باشووری کوردستان.

لە باشووری کوردستانیش هەر زوو پەیوەندیی بە حیزبەوە گرتەوە و بەهۆی دڵسۆزی، خۆشناوی و پەیوەندیی بەرینی کۆمەڵایەتی کە لەنێو خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیبووە بووەتە یەکێک لە ئاڵقە زیندووەکانی تەشکیلاتی حیزب و پێوەندیی حیزب لەگەڵ نێوخۆی وڵات.

پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازار و پێکهاتنی دەرفەتێکی باشتر بۆ تێکۆشانی حیزب، دیسانیش مامۆستا لە چالاککردنەوەی ڕێکخراوەکانی حیزب لە ناوچە بنارییەکانی "قەندیل"، هاوکارییەکی زۆری شەهیدان کاک سەید "ڕەسووڵی بابی گەورە" و کاک "قادر لاجانی" کرد.

هەروەتر بەهۆی لێوەشاوەیی لە دەورە سەرەتاییەکانی پەروەردەی کادر بەشداریی لە کۆنگرەی سێهەمی حیزبدا کرد و بەو جۆرە بووە کۆڵەکەیەکی پتەوی تەشکیلاتی حیزب لەنێو مەنگوڕایەتیی هەر دووک دیودا.

ناوبراو پێگەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی و ڕووحانیی لە ناوچەکانی "بەری مێرگان، نەڵێن و پشدردا" هەبوو، هەر بۆیەش هەمیشە سەرچاوەی خزمەت و کاری باش بۆ حیزب بوو. تەنانەت ئەوە خزمەکانی مامۆستا و دۆستان و ئاشنایانی مامۆستا بوون کە لەژێر ڕێنوێنیی شەهیدان کاک سەید "ڕەسووڵی دێهقانـ"ـدا و بە هاوکاریی شەهید "قادر لاجانی"، مەئمورییەتی بردنەوەی شەهیدی نەمر دوکتور "قاسملوو"یان بۆ نێوخۆی وڵات بە سەرکەوتوانە جێبەجێ کرد.

شایانی باسە هەر لەو سەروبەندەدا، مامۆستاش وەک زۆربەی کادرەکانی دیکەی حیزب بە ڕێنونیی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و لە یەکەمین کۆنفڕانسی حیزب لە ناوچەی "بەری مێرگان"، وەک ئەندامی کۆمیتەی حیزبیی ناوچەی بەری مێرگان دیاری کرا. دواتریش درێژەی بە تێکۆشانی خۆی دا و لە شەڕی ڕێگای "سەردەشت- پیرانشار"دا، لەگەڵ کۆچکردوو "عەوڵای مام سەعیدی" ڕۆڵیکی گرینگی  لە ئامادەکردنی پێداویستی و تەداروکاتی ئەو پێشمەرگانەدا گێڕا کە لە بەرەکانی ئەو شەڕەدا بۆ ماوەی چەند مانگ لە حاڵی بەربەرەکانێدا بوون.

پاشان مامۆستا بە ڕێنوێنیی حیزب هەر لە شوێنی ژیانی خۆی مایەوە. لەو ماوەیەشدا هەمیشە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ حیزب و تەشکیلاتی حیزب ڕاگرت و لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە وەک قەڵایەکی پتەو  ببووە سەرمەشقی خەبات و خۆڕاگری.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری مامۆستا مەلا "محەممەد" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمی بنەماڵە و ناوچەی "بەری مێرگان" و پیرانشار دەزانێت.