کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی باشوور کۆچی دوایی کرد

11:27 - 27 رەزبەر 2720

ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەر ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "خورشید کوهستانی" لە شاری "سۆرانـ"ـی کوردستانی باشوور ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"خورشید کوهستانی" کوڕی کاک "حەسەن" ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی، لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری "گەوەڕ"ی باکووری کوردستان چاوی بە دونیا هەڵێنا.

بنەماڵەی مام حەسەن کە بە ڕەگەز ڕوژهەڵاتی بوون و خەڵکی گوندی "میراوێـ"ـی ناوچەی شپیران سەر بە شاری سەڵماس بوون، دوای پێگەیشتنی کاک "خورشید" و برا گەورەکەی شەهید "عەبدوڵڵا کوهستانی" گەڕانەوە ڕوژهەڵات و ئەمجارە لە گوندی "حەڵبێ" سەر بە شاری نەغەدە گیرسانەوە.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و زیندووبوونەوەی خەبات لە کوردستان، بنەماڵەی "مام حەسەن" بە گیان و ماڵ بەشدارییان لە خەباتدا کردووە، ماڵی مام حەسەن هەمیشە شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزب بووە.

کاک "خورشید" لەپێناو وەدیهاتنی ئاواتەکانی برا شەهیدەکەی دەستی دایە کار و چالاکیی نێوخۆیی و لەو ڕێگایەشدا، چەندین جار لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و ئازار و ئەشکەنجە دراوە، بەڵام ناوبراو وەک قەڵایەکی لەگیراننەهاتوو هیچ کات دوژمن نەیتوانی چۆکی پێ دابێنێت.

ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی کاک "خورشید" بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشتووە و ڕووی لە کوردستانی باشوور کردووە و لە ڕیزی ئەندامانی ئاشکرای حیزب درێژەی بە خەباتەکەی داوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستانی باشوور و هاوسەنگەرانی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "خورشید کوهستانی" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.