ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، مام "خورشید شەن" کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەر لە گوندی "وارگەنمـ"ـی کوردستانی باکوور، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
"مام خورشید شەن" کەسێکی حیزبی و نیشتمانپەروەر بوو کە هەر ئەرکێکی حیزبیی پێ ئەسپێردرایە ئامادە بوو بۆ بە ئەنجام گەیاندنی.
ناوبراو بەهۆی نیشتمانپەروەرییەوە خۆشەویست و جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو، هەر ئەمەش وایکردبوو بکەوێتە بەر ڕق و تووڕەیی ڕێژیمی ئێران و لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە ئەزیەت دەکرا.
لە ساڵی١٣٧٥ی هەتاوی کاتێک ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "عەزیز موراد پەرست" بۆ ئەنجامدانی مەئمورییەتی حیزبی دەچێتە ئەو ناوچەیە و "مام خورشید شەن" لە ماڵەکەی خۆیدا پەنای دەدات لەلایەن دوو چڵکاوخۆری ڕێژیم بە ناوەکانی "حاجی ئاسیابان" خەڵکی گوندی "گێسیان" لە ناوچەی مەرگەوەڕ و "قوتبەدین" کوڕی "حاجی مستەفا" (حاجی مستێ) بە نارنجۆک هێرش دەکەنە سەر ماڵی ناوبراو و لەگەڵ ئەوەی زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ماڵەکەیان دەکەوێت، کوڕە گەورەکەی "مام خورشید شەن" بریندار دەبێت.
ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی "مام خورشید شەن " هەرگیز نەبووە هۆی ئەوەی ناوبراو و بنەماڵەکەی لە وەفاداری بە حیزب دڵسارد بنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خزم و کەسوکاری "مام خورشید شەن" و خەڵکی ناوچەکە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.