ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی ''محەممەد ئەحمەدی'' کۆڕی ''ئەمین'' ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی گەلاوێژ لە ''کەلار'' ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک ''محەممەد ئەحمەدی'' ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە گوندی ''نێژن'' سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایک بووە.
ناوبراو بەهۆی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی ئاوارەی عێراق بووە و هەتا ساڵی ١٣٦٤ لە گوندی ''دەورە'' سەر بە ناوچەی ''قۆرەتوو'' لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بووە و دواتر وەک هەزاران کوردی ڕۆژهەڵات بۆ ئۆردووگای ''ڕومادی'' واتە کەمپی ''ئەلتاش'' بەڕێ کراوە.
کاک ''محەممەد'' دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی دیسان لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بووەوە.
کاک ''محەممەد'' ساڵی ١٣٧٥ پەیوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرت و وەک ئەندامێکی دڵسۆز و بەئەمەگ لە کۆمیتەی کەلار بەردوام لە کاروباری حیزبیدا چالاک بووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.