کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاوە کۆچی دوایی کرد

17:43 - 28 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: حەمە خان لهۆنی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و باوکی پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە، بەهۆی نەخۆشی لە گوندی هانە گەرمڵە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، حەمە خان لهۆنی پێشمەرگەی دێرین، ئەندامی حیزبی دێموکرات و باوکی \'\'ئومید لهۆنی\'\' پێشمەرگەی حیزب، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە گوندی \'\'هانە گەرمڵە\'\' سەربە بەخشی نەوسوود لە شارستانی پاوە، بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

8501.jpg
حەمە خان لهۆنی


حەمە خان لهۆنی کوڕی مستەفا ساڵی ١٣٥٧ پێوەندیی بە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرتووە و لە هێزەی شاهۆ سازمان دراوە.

ناوبراو سەرەتا وەکوو پێشمەرگە و دواتر بەهۆی لێهاتوویییەوە وەکوو فەرماندەی لک دیاری کراوە و لە چەندین شەڕی وەکوو شەڕی پاوە، رزگارکردنی گوندی کێمنە\'\' و هەروەها کەلە قەندی\'\' بەشداریی کردووە.

کاک حەمە خان ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، پاش چۆڵکردنی ناوچەکە بەهۆی کارەساتی هەڵەبجە و هێرشی رێژیم بۆسەر شاری هەڵەبجە، بەپێی دۆخی ژیان و هەبوونی منداڵی ساوا و دۆخی تایبەتی ژیانی، ناچار بوو بگەڕێتەوە ناوخۆ کە لەلایەن رێژیمی ئیسلامییەوە بۆ ماوەی ٤٥ رۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی مەریوان لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا بوو و دواتریش پاش ئازادکرانی هەتا چەندین ساڵ لە ژێر چاودێریی هێزەکانی ئێتلاعاتدا بووە، بە چەشنێک کە ئیزنی دەرچوون لە شاری مەریوانیشی پێ نەدراوە.

حەمە خان لهۆنی هەتا دواساتەکانی ژیانی پێوەندیی لەگەڵ حیزبی دێموکراتدا هەبووە و بە رێبازی حیزب و گەلەکەی وەفادار ماوەتەوە.

ئەو پێشمەرگە دێرینە خاوەنی پێنج کچ و دوو کۆڕە کە یەک لە کوڕەکانی بە ناوی \'\'ئۆمید لهۆنی\'\' لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزب دایە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی له بنەماڵه و کەس و کاری کاک حەمه خان و بە تایبەت کاک ئومید دەکا و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.

رۆحی شاد