کوردستان میدیا

دووشەممه 24ی جۆزەردان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزب لە شاری سنە بە ڕووداوێکی گوماناوی و دڵتەزێن گیانی لەدەست دا

11:26 - 16 جۆزەردان 2721

ئەندامێکی نهێنیی چالاکی حیزبی دێموکرات و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە و دەوروبەری بەهۆی ڕووداوێکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

"عیرفان ساعدپەنا"  کوڕی "سانیە" و"مەولوود" خەڵکی شاری "سنە" تەمەن ٣٥ سال، ئەندامی چالاکی نهێنیی حیزب لە نێوخۆ، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی مەدەنی، بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێن گیانی لەدەست دا.

ناوبراو بڕوانامەی کارناسیی باڵای زانستی سیاسی هەبووە.

کاک "عیرفان" لە سالی ٩٠ـەوە پەیوەندیی بە حیزبەوە گرت و وەک ئەندامێکی چالاک تیکۆشانی خۆی لە ڕێکخستنەکانی حیزب دەست پێکرد.

ناوبراو چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە توندترین شێوە کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.

"ساعدپەنا" یەکێک لە دامەزرێنەرانی "دامەزراوەی زاگرۆس" بوو و چەند سال بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە مەدەنییە بوو.

"دامەزراوەی زاگرۆس" لە بواری مێژوو، زمان و ئەدەبی کوردیدا خزمەت دەکا.

کاک عیرفان کەسێکی خۆشەویست و جێگەی ڕێزی لاوان و توێژی خوێندەواری شاری سنە بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکێک لە باشترین ئەندامەکانی خوی لەدەست دا، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی کاک "عیرفان ساعدپەنا" و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی ئەو خەمە قورسەیان دەزانین.