کوردستان میدیا

یەکشەممە 3ی رێبەندان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات و باوکی شەهیدێکی کوردستان لە سەردەشت کۆچی دوایی کرد

12:01 - 17 بەفرانبار 2721

ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، مام "خدر ئیبراهیمی" ناسراو بە "خدری بایزی ئامانی"، خەڵکی گوندی "پاشبەرد"ی ناوچەی ڕەبەت سەر بە سەردەشت، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و باوکی شەهید "خالید ئیبراهیمی"، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مام "خدر" لە دەورانی کۆماری کوردستان بووەتە پێشمەرگە و بەهۆی لێوەشاوەییەوە ئەرکی پەیکی پێ ئەسپێردرا و دواتریش لە ساڵەکانی ٤٧ــ ٤٦ی هەتاوی بووە بە ئەندامی حیزب و دەستی بە تێکۆشان کردووە.

ناوبراو پەیوەندیی بە شۆڕشگێڕانی ئەو کات شەهیدان "مەلا ئاوارە، مینە شەم و موعینی" هەبووە و ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانی جێبەجی کردووە.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش وەک کەسێکی چالاکی حیزب بنەماڵەکەی هاندا پەیوەست بن بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە ببێت بە کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و ناسراوی ناوچەی ڕەبەت.

مام "خدر" ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بووە. ناوبراو لە ڕێکخستنی هێزی بەرگری لە ناوچەی ڕەبەتدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.

ئەو ئەندامە تێکۆشەرە لە بەرەبەری ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەویدا لە چەککردن و دەسبەسەرداگرتنی پاسگا و مۆڵگەکانی ڕێژیمی پەهلەوی لە ناوچەی ڕەبەت دەوری بەرچاوی بووە و ماوەی چەند ساڵ لە بنکەکانی ڕادیو و دەفتەری سیاسی کاری کردووە.

مام "خدر" هەمیشە شانازیی دەکرد کە ڕۆڵەیەکی بە ناوی "خالید ئیبراهیمی"، گیانی پاکی لە ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان فیدا کردووە.

شەهید "خالید ئیبراهیمی"، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە گوندی "فەقێ خدریان" لەدایک بووە. ناوبراو دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزەکانی شۆڕش و ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبییەکانی دەرەنجام لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٦٠ی هەتاوی لە دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئێران تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

مام "خدر" هەتا دوا هەناسەی ژیانی بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو ئەندامە تێکۆشەرە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.