کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

11:13 - 1 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی بەساڵاچوویی لە شاری بۆکان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاک عومەر ڕەحمانی ناسراو بە عومەری مام خالق، خەڵکی تازەقەڵای بۆکان، ئەندامی دێرینی حیزب و پورزا وهاورێی نیزیکی شەهید کاک سەید سەلام عەزیزی کۆچی دوایی کرد.

کاک عومەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکرات و زۆر دڵسۆزانە و بە ئیمان بە رێبازی دێموکرات لە خزمەت گەل و نیشتمانەکەیدا بوو.
ساڵی ۱۳٦٤ی هەتاوی بەهۆی چوونەسەری تەمەنی لە لایەن حیزبەوە ئیزنی پێدرا بگەڕێتەوە ناو ماڵ ومنداڵی، کەچی زۆر زوو لەلایەن رێژیمەوە دەسبەسەرکرا و کەوتە نێو زیندانەکانی ڕێژیم لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد و لە بەندیخانەش درایە بەر تیخی ئەشکەنجە وئازار بەڵام نەبەزی وبەچۆکدا نەهات. لە بەندیخانەی مەهاباد و بۆکان بۆ ماوەیەک هاوبەندی شەهیدی گەورەی گەل کاک رەحمان بۆردزێل بوو.

سەرئەنجام رۆژی یەکشەممە ۲۹ی رەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی لەتەمەنی ۷٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی لەدەستدانی ئەم تێکۆشەرە مەزنە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی و خزم و  کەسوکاری دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.