کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی لە مێژینە و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

17:07 - 28 جۆزەردان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردان، مامۆستا سەید "ئەحمەد سەعدەیی"، ئەندامی لەمێژینە و تێکۆشەر و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا سەید "ئەحمەد سەعدەیی" لە ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە گوندی "خنخنە"ی سەر بە "نەغەدە" لەدایک بووە و لە تەمەنی لاویەتیدا و لە حوجرەی فەقێیایەتیدا لە گوندی "ئاڕنێـ"ـی نەغەدە ببوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێ ـ کاف و سوێندخواردووی سەردەمی کۆماری کوردستان.

مامۆستا "ئەحمەد" دوای نسکۆی کۆماری کوردستان چووبووەوە خانەقای "بورهان" و درێژەی بە خوێندی ئایینی و خوێندی دیکە دابوو.

لە ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لەسەر داوای "ئەحمەد تۆفێق" دەورەی کادریی حیزبیی لە شێخان بینیوە.

ناوبراو لە ٣ی گەلاوێژی ١٣٤٥ لەلایەن ساواکەوە دەستگیر کرا و دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر بە ٥ ساڵ زیندان حوکم درا و ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانەکانی "ورمێ" و "زەنجان" تێپەڕ کردووە.

مامۆستا "ئەحمەد" لە زیندان و لەژێر ئەشکەنجە و ئازار، هیچکات ڕێباز و ڕێگە پیرۆزەکەی لەبیر نەبردەوە و بەو سوێندەی کە لە سردەمی کۆماردا خواردبووی وەفادار مایەوە. هەر بۆیە دوای ئازادکرانی لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی سەرلەنوێ پەیوەندیی گرتەوە لەگەڵ ڕێبەرایەتیی حیزب و لە سەرەتای شۆڕش یەکێک لەو حەوت کەسەی شورای شار و ئەندامی کۆمیتەی شارستانی "نەغەدە" بووە.

لە دوای شەڕی شاری "نەغەدە" ناوبراو ماڵی گواستەوە بۆ شاری "مەهاباد" و تا کۆتایی ژیانی لە مەهاباد مایەوە.

لە دوای شەڕی سێ مانگە و بەشداری لە کۆنگرەی چوارەمی حیزب، ناوبراو کرا بە بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی "نەغەدە"  و سەرەتای ساڵی ۱۳۶۱ لەلایەن کۆمیسیونی تەشکیلاتەوە نەقڵی بۆکان کراوە و بۆ ماوەیەک بە دامەزراندنی ناوەندی "سپی سەنگ" بوو بە بەرپرسی دادوەریی ئەو ناوەندە.

مامۆستا "ئەحمەد" لە ساڵی ۱۳۶۴ بە ڕاوێژ لەگەڵ حیزب، بەهۆی بەساڵاچووییەوە گەڕایەوە مەهاباد و لە ساڵی ۱۳۶۵ی هەتاوی بەهۆی تێکۆشانی بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.

تەرمی مامۆستا "ئەحمەد" لە گوندی "خنخنە" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی  خەم و پەژارەیان دەزانێت.