کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی کۆنگرەی ئامریکا بەنیسبەت دانانی دوو تێرۆریستی ئێرانی لە شوێنی گرینگی دەوڵەتی ڕەئیسیدا دژایەتیی دەربڕی

10:50 - 1 رەزبەر 2721

ئەندامێکی دێموکراتی کۆنگرەی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا دژایەتیی لەگەڵ ئەو هەوڵەی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' کە بەرپرسیاریەتی و پلەی باڵای بە دوو کەس لە بکەرانی دانانەوەی بۆمب لە ناوەندی جوولەکەکانی بوینێس ئایرێس بەخشیوە، دەربڕی.

''ئێستیو کوهێن'' ئەندامی دێموکراتی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی چوارشەممە لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، بەنیسبەت دانانی ''ئەحمەد وەحیدی'' وەکوو وەزیری نێوخۆ و هەروەها ''موحسێن ڕەزایی'' وەکوو جێگری ئابووری لەلایەن ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' دژایەتیی دەربڕی.

ناوبراو وتوویەتی، ئەو دوو کەسە ڕۆڵی سەرەکییان لە دانانەوەی بۆمب لە ناوەندی جوولەکەکانی ''بوینێس ئایرێس'' هەبووە و لە ئێستادا پۆلیسی ئینتێرپۆڵ بە شوێنیاندا دەگەڕێت.

 تەقاندنەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئاڕژانتین، ئەو کردەوە تێرۆریستییە بوو کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاوی‌، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٨٥ هاووڵاتیی جوولەکە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

پێشتریش ماڵپەڕی ''مەیل ئانلاینـ''ـی بریتانیایی لەبارەی کابینەی ''ڕەئیسی'' بڵاوی کردبووەوە: "سەرکۆماری قەسابی ڕێژیمی ئێران دوو کەسی بە ناوەکانی ئەحمەد وەحیدی و موحسێن ڕەزایی وەکوو ئەندامی کابینەی خۆی هەڵبژاردووە کە دەستیان لە دانانەوەی بۆمب لە ئامیا لە ساڵی ١٩٩٤ لە بوینێس ئایرێس هەبووە و ئێستاش پۆلیسی ئینتێرپۆڵ بە شوێنیاندا دەگەڕێت''.