کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری بۆكان كۆچی دوایی كرد

11:54 - 4 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆکان بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە رێكەوتی ١ی گەلاوێژ "سامڕەند كاكلی" لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، كوڕی خالید خەڵكی شاری بۆكان بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای نێوان بۆكان  ـ مەهاباد كۆچی دوایی كرد.

ناوبراو لە هەر سەرەتای لاویەتیدا بە هەست‌كردن بە زوڵم و ستەمی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران پەیوەندی بە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە گرت و وەک ئەندامی نهێنی ئەركی حیزبی خۆی لە شاری بۆكان و دەورووبەر وەئەستۆ گرت و لەو ماوەیەدا وەک ئەندامێكی چالاک كارەكانی بەڕێوە دەبرد و لەنێو كۆمەڵگە و بە تایبەت لاوان دا هەوڵی لەقاودانی سیاسەتەكانی ڕێژیمی دەدا.

هەروەها جگە لە ڕاپەڕاندنی ئەركە حیزبیەكانی، وەك ئەندامێكی نهێنی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش چالاكی بەرچاوی ئەنجام دا و بە هەموو توانای هەوڵ دەدا هەتاكوو ناوی ئەو ڕێكخراوەیە لەنێو لاوانی كوردستاندا بە بەرزی ڕابگرێ.

بەداخەوە ڕۆژی سێشەممە كاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی لە ڕێگای نێوان بۆكان ـ مەهاباد ناسراو بە جاددەی بورهان بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەست دا. ئاواتەكانی كە ئازادیی كوردستان و ژیانێكی سەربەست لەژێر دەسەڵاتی كوردی دابوو بەچاو نەدیت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی بۆ لە دەستدانی ئەو لاوە شۆڕشگێڕە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.