کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندام پارلمان و دۆستێکی شەهید دوکتور "قاسملوو" کۆچی دوایی کرد

11:34 - 18 جۆزەردان 2720

مامۆستا "ڕەزا باران" خەڵکی "ئاناتۆل" سەر بە کوردستانی باکوور و ئەندام پارلمانی بێرلین لەسەر لیستی حیزبی سەوزەکانی ئاڵمان، کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا "ڕەزا باران" تێکۆشەرێکی دیاری کورد و دۆستی نزیکی حیزبی دێموکرات و بەتایبەت ڕێبەری ناوداری کورد شەهید دوکتور قاسملوو بوو.

ناوبراو لە ساڵانی ٧٠ی زایینی یەکێک لەو تێکۆشەرانە بوو کە لەگەڵ شەهید دوکتور "قاسملوو" یەکیەتیی خوێندکارانیان لە ئورووپا دامەزراند.

پاش شەهیدبوونی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلین، مامۆستا باران لە دانانی مێنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنووس ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا.

تەرمی مامۆستا "ڕەزا باران" ڕۆژی هەینی ١٥ی جۆزەردان لە شاری بێرلینی ئاڵمان بە خاک ئەسپێردرا.

لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنیدا حاجی "جوندی" نوێنەری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەشداریی کرد.

ناوبراو بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە پرسە و سەرەخۆشیی پێشکەشی بنەماڵە و خزم و هاوڕێیانی بەڕێز "ڕەزا باران" کرد .