کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنوەر قەرقاش: ڕێژیمی ئێران دەیەوێت لە نێوان ئامریکا و ئورووپا کەلێن ساز بکات

10:35 - 4 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: نەخشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەوردانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا و کەلێنخستنە نێوان ئامریکا و ئورووپا هەڵدەوەشێتەوە.

بەپێی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەنوەر قەرقاش، وەزیری ڕاوێژ لە کاروباری دەرەوەی ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەر، هۆشداریی بە وڵاتانی ئورووپایی داوە، کە گەڵاڵەکەیان بە مەبەستی "ڕێوشوێنێکی تایبەت" بۆ دەوردانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا، ئەگەرچی هیوایەکی بە ڕێژیمی ئێران دەبەخشێت، بەڵام لە کۆتاییدا ڕێکاری توندی ئامریکا لە هەمبەر ئەو ڕێژیمە هەوڵەکانیان پووچەڵ دەکاتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە نیگەرانی ناکۆکیی فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان لەگەڵ ئامریکا لەمەڕ ڕێککەوتننامەی ناوکیی لە ژێر ناوی بەرجامە.

قەرقاش لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو سێ وڵاتە ئورووپایی لەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکیی و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا هاودەنگ و هاوڕان.

وەزیری راوێژی کاروباری دەرەوەی ئەمارات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە دەبێت ئێمە هەرچی زووترە کۆتایی بەم ناکۆکییەکانە بێنین، کە بەرپرسانی ڕێژیم حەسێبیان لەسەری کردووە و دەیانەوێت لەم ڕێگەوە لە نێوان ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی کەلێن دروست بکەن.

نیگەرانییەکانی ئەنوەر قەرقاش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە وەزیرانی دەرەوەی فەڕانسە، چین، ڕووسیە، بریتانیا، ئاڵمان، ئێران و فدریکا مۆگرینی بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند، کە لە هەوڵی ئەوەن هەتا بۆ پێدانی قەرزی بانکی، ئاسانکاریی لە بواری دارایی و یارمەتی ماڵی بە ڕێژیمی ئێران و دەورلێدانی گەمارۆوەکانی ئامریکا ڕێکار و مکانیزمێکی گونجاو ببیننەوە.