کوردستان میدیا: هونەرمەندانی ئێرانی کە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، ناڕزایەتییان دەربڕی و لە بەشداریکردن لە فێسیڤاڵی فەجر وازیان هێناوە، لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە هەڕشەی بێبەریکردنیان لە چالاکیی هونەری لێ دەکرێت.
''نەسروڵڵا پژمان فەر''، بەناو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، باس لەوە دەکات کە وێڕای ژمارەیەک لە نوێنەرانی دیکە، تەرحێک دەخەنە ڕوو کە ئەو هونەرمەندانەی کە بەنیسبەت خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تیرۆریستی پاسدارانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی فەجر پاشگەز بوونەتەوە، لە کاری هونەری بێبەری بکرێن.
ناوبراو بە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی وتووە، لە حەوتووی داهاتوودا تەرحێک لە مەجلیس پێشکەش دەکەن کە ئەو هونەرمەندانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا وتوویانە بەشداری لە فیلمی فەجردا ناکەن، لە چالاکیی هونەری بۆ هەمیشە بێبەری دەکرێن.
''نەسروڵڵا پژمان فەر''، وەتەبێژی کۆمیسیونی فەرهەنگیی مەجلیسی ڕێژیمە ئێرانیشە. ناوبراو سەبارەت بەم تەرحە ڕوونکردنەوەی زیاتری نەداوە.
ناوبراو ئەو هونەمەندانەی کە لەهەمبەر کردنە ئامانجی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی فەجر وازیان هێناوە، بە ''جەوگیر'' ناو بردووە.
دوابەدوای دانپێدانانی ڕێژیم بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە مووشک کرابووە ئامانج، شەپۆلێکی ڕق و تووڕەیی خەڵکی لێکەوتەوە و هەروەها هونەرمەندانی ناسراوی ئێران ناڕزایەتییان دەربڕی و بەو هۆیەوە لە بەشداریکردنی فێستیڤاڵی فەجر وازیان هێنا.
فێستیڤاڵی "فیلمی فەجر"، گرینگترین فێستیڤاڵی سینمایی ئێرانە کە لە ساڵی ٦١ی هەتاوییەوە تا ئێستا، لە تاران بەڕێوە چووە و لەژێر چاوەدێریی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێراندایە.