کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو پزیشکەی کە شوناسی خاوەنی بینای "مێترۆپۆلـ"ـی پشتڕاست نەکردەوە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا

12:48 - 29 جۆزەردان 2722

"پەیوەند عەلامە" پزیشکی ئوڕژانسی نەخۆشخانەی "ئابادان" و ئەو پزیشکەی کە مەرگی خاوەنی بینای "مێترۆپۆلـ"ـی پشتڕاست نەکردەوە، ڕۆژی هەینی ٢٧ی جۆزەردان، بەهۆی بەربوونەوە لە نهۆمی ٨ی بینایەک لەو شارە کە شوێنی ژیانی بووە، گیانی لەدەست دا.

بەرپرسانی ڕێژیم وتوویانە کە ئەو پزیشکە بەهۆی بەربوونەوە لە بڵیندایی و قووڵیی برینەکانی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

هەروەها بەشێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم لەوانە "ڕۆکنا" هۆکاری گیانلەدەستدانی "پەیوەند عەلامە"ی بۆ ناکۆکی لەگەڵ بنەماڵەکەی گەڕاندووەتەوە و وتوویانە خۆی کوشتووە.

لەو پەیوەندییەدا "سەعید حافزی" هەواڵنێری "ئابادانـ"ـی و "داریوش مێعمار" لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیاندا نووسیویانە کە "عەلامە" کوژراوە و خۆی نەکوشتووە و "پەیوەند" ئەو پزیشکەیە کە شوناسی تەرمی "حوسێن عەبدولباقی" خاوەنی بینای "مێترۆپۆلـ"ـی پشتڕاست نەکردووە.