کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەپی یاریی "توییچ" لە ئێران فیلتێر کرا

18:47 - 15 پووشپەڕ 2722

سەرچاوە هەواڵدەرییەکان لە ئێران باسیان لە فیلتێری بڵاوبوونەوەی ڕاستەوخۆی توییچ "Twitch" کردووە. توییچ لە لەو ئەپانەیە کە لایەنگرێکی زۆری لە ئێراندا هەیە، جگە لەوەش باس لە فیلتێرکردنی "دیکسۆرد" و "ئینستاگرامـ"ـیش دەکرێت.

"توییچ" ڤیدیۆیەکە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو دەبێتەوە و زۆربەی لایەنگرەکانی ئەو کەسانەن کە حەزیان لە یاریی کامپیۆتێرییە. خاوەنی یەکەمی "توییچ جاستین" بوو بەڵام ساڵی ٢٠١١ ئەو خزمەتگوزارییە لە شیرکەتی دایک جیا بووەوە و نزیک سێ ساڵ دوایی، شیرکەتی ئامازۆن بە بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار کڕییەوە.

یاریزانانی کارامە لە توییچدا دەتوانن یارییەکانی خۆیان لەگەڵ کەسانی دیکە هاوبەش بکەن و لەو ڕێگەیەوە داهاتێک پەیدا بکەن. زۆربەی ئەو کەسانەی کە حەزیان لەو خزمەتگوزارییەیە مێرمنداڵن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا جگە لە فیلتێری توییچ، باسی فیلتێری بەرنامەی "دیسکۆرد"یش دەکرێت، هەروەها خەڵک باس لە خاوبوونەوەی "ئینستاگرام" دەکەن.

بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو بابەتە پەیوەند دەدەنەوە بە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی سیانەت (طرح صیانت) کە لەو ڕۆژانەدا دیسان خراوەتەوە بەر باس.

"مێهرداد وەیس کەرەمی" بەناو نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس، ١٢ی پووشپەڕ لە مەجلیسی ڕێژیم وتبووی کە "قاڵیباف" بەڵێنیی بە "خامنەیی" داوە بۆ ئەوەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە یاسایی بکات و پێشتریش "زۆهرە ئیلاهییان" ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتیی نێوخۆ و دەرەوەی مەجلیس وتبووی کە سەرۆکی مەجلیس بەڵێنیی داوە کە هەتا دوو حەوتووی دیکە ئەو گەڵاڵەیە دەخرێتە بەرنامەی کاریی ڕۆژانەی مەجلیسەوە.