کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هێرش بۆسەر ئێران لە سەرووی ٩٠%ـه

19:18 - 24 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: دەیڤید گورگێن راڤەکاری سیاسیی CNN، ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران زیاتر لە ٥٠% شیمانە دەکات و بەپێی هەندێ بەراورد کردنیش ئەو ئەگەرە دەگاتە لەسەدا ٩٠.


ئۆرشەلیم پۆست لە زاری سیاسەتوانەوە بڵاوی کردۆتەوە، باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەمریکا لە خولی دووهەمی سەرکۆماریی خۆیدا، لەسەر پرسە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە چڕتر دەبێتەوە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە دەست لە رۆژهەڵاتی نێوڕاست هەڵبگرێت.
دەیڤید گورگێن پڕژاوەتە سەر ئەوە کە سەرەکی‌ترین پرسێک کە ئۆباما دەبێ چارەسەری بکات، کێشەی ئێرانە.
ناوبراو لە ئەزموونی ٣٠ ساڵەی کاری سیاسیی خۆیدا، پرسی ئێران بە دژوارترین کێشەی سیاسی لەقەڵەم دەدات کە هەتا ئێستا لەگەڵی بەرەوڕوو بووە.
ئەم راڤەکارە سیاسییە لەو بڕوایە دایه کە پاش هەڵبژاردنەکانی ئیسرایل لە مانگی ژانوویە، جاریکی دیکە بنیامین نتانیاهوو دەبێتەوە سەرۆک وەزیری ئیسراییل و ماوەیەکی کورت پاش رەوینەوەی کەش و دۆخی هەڵبژاردن، ناوبراو داوا لە ئەمریکا دەکات بۆ هێرشی نیزامی بۆسەر ئێران چرای سەوز نیشان بدات.

گورگێن وتیشی، ئەم رەوتە جارێکی دیکە سرنجی جیهانیان لەمەڕ چۆنیەتیی هێرشی نیزامی بۆسەر ئێران و بەرنامە ناوکییەکەی بۆ لای خۆی رادەکێشێت.
دەیڤید دەڵێت: دەست پێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی بۆ بنیامین نتانیاهوو هێڵی سووره و ئەم هێڵە کاتێک بۆ ئۆباما وێنا دەکرێت کە ئێران چەکی ناوکی بەرهەم بهێنێت.
هەروەها پێشتریش دەوڵەتی باراک ئۆباما پێشنیاری رێکاریکی نوێی بۆ چارەسەر کردنی پرسی ناوکیی رێژیمی ئێران هێنابووە بەر باس و لێکدانەوە و تێیدا بەشێک لە چالاکییە ناوکییەکان و بەتایبەت دامەزراوەی فەردۆی ئەو رێژیمەیان تاوتوێ کردبوو.