کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هەیە لە ئێران ١٥ ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بووبێتن

13:15 - 21 جۆزەردان 2720

ئەندامێکی کۆمیتەی ئێپیدمیناسیی کۆرۆنا لە ئێران ڕایگەیاندووە، ئەگەری هەیە لە ئێران ١٥ ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بووبێتن.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردان، "ئێحسان موستەفەڤی" ئەندامی کۆمیتەی ئێپیدمیناسیی کۆرۆنا لە وەزارەتی تەندروستی، دەرمان و ئامووزشی ڕێژیم، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی بەرچاوی کۆرۆنا وتوویەتی: ''لەوانەیە تا ئێستا ١٥ ملیۆن کەس لە ئێران کۆرۆنایان ئەزموون کردبێت و تووش بووبێتن''.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە ڕێژەی تووشبووان جیاوازە و لە هەندێک پارێزگا وەک "گیلان"، ٣٣ لەسەدی تووش بوون.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەمان ڕۆژ بەرپرسانی ڕێژیم لە نوێترین ئاماری ڕۆژانەی تووشبووانی کۆرۆنادا ڕایانگەیاند: "تا ئێستا نزیک بە ١٨٠ هەزار حاڵەتی تووشبوو لە ئێراندا تۆمار کراوە".

پێشتریش چەندین بەناو نوێنەر لە مەجلیسی ڕێژیم و ئەندامانی شورای شاری تاران ڕایانگەیاندبوو کە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمییە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت.

هەروەها ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندبوو کە ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان دوو بەرابەر و ئاماری تووشبووان لەنێوان ٨ هەتا ١٠ بەرابەر لە ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم زیاترە.

لەلایەکی دیکەوە شورای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم و وەزارەتی تەندروستی فەرمانیان داوە کە بەرپرسانی پزیشکی لە پارێزگاکان ئاماری پەیوەندیدار بە کۆرۆنا بڵاو نەکەنەوە.