کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەر ئامریکا ناوچەکە بەجێ بهێڵێت هیژموونی ئێران زیاتر دەبێت

11:46 - 21 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: شرۆڤەکارانی سیاسی لە هزرگەی هادسن، لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ئەگەر ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بچێتە دەرەوە، هاوپەیمانانی ئامریکا لەگەڵ هەڕەشەی ئێران بەرەوڕوو دەبنەوە.

هزرگەی هادسن لە پێتەختی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بۆنەی هەڤدەهەمین ساڵیادی هێرشەکەی ١١ی سێپتامبر و دەستپێکی شەڕ لەگەڵ تێرۆریزم، دانیشتنێکی تایبەتی بەڕێوە بردووە.

بەشداربووانی ئەو دانیشتنە شەڕ دژی هەموو ئیدئۆلۆژییەکان لە ١٧ ساڵی ڕابردوو و داهاتوودا و هەروەها دەرئەنجامەکانی هاتنەدەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لە ئەفغانستان و سووریە کە هەنووکە بوونەتە بنکە و حەشارگەی گرووپە تۆندئاژۆکانیان، خستە بەرباس و لێکدانەوە.

مایکل دەوران یەکێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی بەشدار لەو دانیشتنە، باسی لەوە کردووە، کە دەوڵەتەکانی ئامریکا لە بووشەوە بگرە هەتا ئۆباما و ئێستاش ترامپ، پێناسەیەکی ڕوونیان بە نیسبەت چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی تۆندئاژۆیی نەبووە و نییە.

مایکل پریجنت، شرۆڤەکاری باڵای کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕایگەیاندووە: "ئامریکا پێویستە هەتا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پشتڕاستی بکاتەوە، کە مانەوەی لەو ناوچەیە هەمیشەییە، نەک کورتماوە".

لەو دانیشتنەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە ئەگەری چوونەدەرەوەی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاوپەیمانانی ئامریکا بە جیدی دەکەونە بەر هێرش و هەڕەشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەلقاعیدە.