کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣/٥ میلیارد دۆلار لە سەرچاوە ئەرزییەکانی ئێران بێسەروشوێنە

11:20 - 3 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وڵاتی ئێران کە لەوپەڕی نالەباری و خراپیی ئابووریدایە، بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا لە بیری پڕکردنی گیرفانی خۆیان و تاڵانکردنی سامان و سەرمایەی خەڵکی ئێرانن.

محەممەدڕەزا پوورئیبراهیمی، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە: کە بۆ هاوردەکردنی شتومەکە سەرەکییەکان نزیک بە ٣/٥ میلیارد دۆلار لە سەرچاوەی ئەرزییەکان تەرخان کراوە، بەڵام هەتا ئێستە هیچ کاڵایەک هاوردە نەکراوە.

دانی کارتی بازرگانی بە شێوەیەکی بەربڵاو، بە کەسانێک بەناو هاوردەکاری شتومەکە سەرەکییەکان و کەڵکئاژۆگرتن لەم کارتانە و ڕادەست نەکردنی شتومەکەکان، وەکوو هۆکاری بەفێڕۆچوونی سەرچاوە ئەرزییەکان لە قەڵەم دراوە و لەم پێوەندییەدا ٤٢٠٠ کەس لەژێر چاوەدێریی دەزگای قەزایین. 

پوورئیبراهیمی، بە ڕەخنەگرتن لە یاسای بەربەرەکانێ لەگەڵ قاچاخی کاڵا و ئەرز، باسی لەوە کردووە: دەوڵەت سیستمێکی یەکپارچەی بۆ هەڵسەنگاندن و ڕیزبەندیی چالاکانی ئابووری پێک نەهێناوە و ئەم کارەتە بازرگانییانە بە کەسانێک دراوە، کە باوەڕپێکراو نین.

کارتی بازرگانی، مۆڵەتێکە کە لە لایەن دیوی بازرگانی دەدرێت و خاوەنی ئەم کارتانە یان کۆمپانیان و یان کەسی هەقێقین کە بەم کارتانەوە دەتوانن لە بواری هاوردەکردن و هەناردەکردنی شتومەک چالاکی بکەن.

سیستمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکە کە لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و ..... بەرپرسانی ڕێژیم دەستێوەردان دەکەن و تەنیا بەرژەوەندیی تاکەکەسی و ڕێژیمیان لە بەرچاوە و بەتایبەت لە بواری ئابووریدا تەنیا هەل بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێت، کە گوێڕایەڵیان بن.