کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک لەهەمبەر سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ناوچە لافاولێدراوەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:50 - 9 گەلاوێژ 2722

لە سەردانی "ئیبراهیم ڕەئیسی" بۆ ناوچەی لافاولێدراوی شاری "فیرووزکوو" لە پارێزگای تاران، خەڵکی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خەڵکی زیاندیتوو لە بەرامبەر هاتنی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیم ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و وتوویانە کە بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا قسەیان هەیە و هیچی دیکە.

"ئیبراهیم ڕەئیسی" لە کاتی قسەکردن بۆ خەڵک وتوویەتی کە دەست دەکەن بە یارمەتیدانی خەڵک بۆ ئەوەی ماڵەکانیان چاک بکەنەوە، بەڵام خەڵک بە دروستکردنی دەنگەدەنگ و ناڕەزایەتی نەیانهێشتووە ناوبراو لە قسەکردن بەردەوام بێت.

هاووڵاتییان وتوویانە کە جارەکانی پێشووش لە کاتی هاتنی لافاودا بەرپرسان هاتن و بەڵێنییان دا بەڵام هیچ جارێک بەڵێنەکانیان ڕاست دەرنەچوو و لە کاتی لافاودا کەس بە فریای خەڵک نەگەیشت.

هاووڵاتییان هەروەها ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیم وتوویانە کە ژیانی ئێمە هەموو تێدا چوو، ئێوە هەر هیچتان نەکرد.

کەسانی سەر بە ڕێژیم لە بەرامبەر قسەکانی خەڵکدا کاردانەوە نیشان دەدەن و پێیان دەڵێن کە ئەو قسانە نەکەن بەڵام خەڵک وتوویانە کە بۆچی دەبێ لە کوتنی ڕاستییەکان خۆ ببوێرین.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی بارینی بارانی زۆر، لافاو زۆربەی ناوچەکانی باشوور و ناوەندی ئێرانی گرتەوە و زیانێکی زۆری گیانی و مادیی لێ کەوتەوە کە تا ئێستا ٦١ کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیانی دیکەش بێ سەروشوێن بوونە.