کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خستنەڕووی کەتوارێکی مێژوویی یان دووپاتبوونەوەی مێژوو؟

23:11 - 9 گەلاوێژ 2722

شەماڵ تەرغیبی

ڕۆژی ڕابردوو حەمیدڕەزا نەقاشیان یەکێک لە بادیگارد و پارێزەرانی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی واتە خومەینی، لە وتووێژێکدا وێڕای خستنەڕووی نهێنییەکی مێژوویی لەمەڕ تێرۆرکردنی خومەینی لە ساڵی ٦٨ ڕایگەیاند کە پارێزگاریکردن لە خامنەیی بەهۆی دزەی جیددی لە دامودەزگاکانی سەر بە بەیتی ڕێبەریی ڕێژیم، دەبێ هەزار قات زیاد بکرێت.

ناوبراو لەم وتووێژەدا دەڵێ: خومەینی بەهۆی کێشەی دڵ لە نەخۆشخانە خەوێندرا بەڵام دواتر دەرکەوت کە گەدەی خوێنڕیژی کردووە و مردووە؛ هۆکارەکەشی بۆ کەڵکوەرگرتن لە کەپسوولگەلێک گەڕاندۆتەوە کە لە دەرمانخانەیەکی شاری لەندەن کڕدرابوو کە بەپێی ئیدیعای ناوبراو تایبەت بۆ فرۆشتنی ئەم دەرمانە دانرابوو و دواتر داخرا.

بڵاوبوونەوەی ئەم وتووێژە لەم ساتەوەختەدا کە کۆماری ئیسلامی تێکەوتووە، جێگەی لێوردبوونەوەیە و دەکرێ لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە شەنوکەو بکرێ کە لێرەدا دەپرژێینە سەر دو لایەنی بابەتەکە؛ یەکەم ئەم ڕووداوە وەک کەتوارێکی مێژوویی کە پێشتر باس نەکراوە و وەک زۆر ڕووداوی دیکە سەرپۆشی لەسەر دانراوە و کوردوتەنی: دێزە بە دەرخۆنە کراوە. دووهەم کەتوارێک بەناوی ترسی جەنابی ڕێبەری ڕێژیم لە کوژران، لەلایەن کەسانی نیزیکی خۆی و هەوڵدانێک بۆ دابینکردنی ئەمنیەتی گیانی و ڕەوانی ئەو.

لایەنی یەکەم بریتییە لەوەیکە ئەگەر وەها گریمانە بکەین قسەکانی نەقاشیان ڕاستن و دوورن لە هەندێ پڕوپاگەندەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک، ئەوا دەری دەخات کە لە سەردەمی خومەینیشدا کە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بە دەورانی زێڕین ناوی لێ دەبەن و بەردەوام هەوڵ بۆ بەپیرۆزکردنی خومەینی دەدەن، بەڕێوەبەریی ئەم وڵاتە هێندە پاک و بێگەرد و خاوێن نەبووە و هاوشێوەی هەموو ئەو دیکتاتۆر و پاشا زاڵمانەی کە لە مێژوودا ناویان هەیە مەسەلەی دەسەڵات و زێدەخوازی و گەندەڵی لە سەرەتای هاتنەسەرکارییانەوە هەر هەبووە و خومەینیش کەوتۆتە بەر غەزەب و شاڵاوی پاکتاوکردنی زێدەخوازانی دەوروبەری کە ڕوونە ئەو کەسانە هەنوکە لە لوتکەی دەسەڵاتدارێتیی ڕێژیمدان. واتە کۆمەڵێک جینایەتکار و بکوژ کە تەنانەت بەزەییان بە باوکی ڕۆحی خۆیشیان نەهاتەوە و تەماحیان لە کورسییە ڕزیوەکەی کرد و پاش خاشەبڕکردنی، خۆیان لە جێگەی دانیشتن.

ڕەهەندی دووهەمی ئەم باسە واتە ترسی دیکتاتۆر لە کوژران و ناچارکردنی بادیگاردی خومەینی بۆ دانی زانیاری لەو چەشنە ڕەنگە زۆر لۆژیکیتر بێتە بەرچاو؛ لایەنی دووهەمی باسەکە وەک ئاماژەی پێکرا ترسێکی دەروونی عەلی خامنەییە کە بووە جێگرەوەی خومەینی؛ تایبەتمەندیی هاوبەشی هەموو دیکتاتۆر و خوێنمژە دەسەڵاتبەدەستەکان بریتییە لە ترس. هەر لە مێژووی ئەم ئێرانە دەسکردەدا دەیان نموونەی لەم چەشنە هەیە؛ لە سەردەمی ئەشکانییەکاندا فەرهادی سێهەم بە دەستی کوڕەکانی کوژرا، مێهردادی چوارەم لە هەمان دەسەڵات لەلایەن براکەیەوە کوژرا، ئەردی دووهەم کوڕی مێهردادی چوارەم کە ئەویش بە دەستی کوڕەکەی کوژرا و چارەنووسی باوکی ئەزمون کردەوە، فەرهادی چوارەم کە لەلایەن هاوسەرەکەی و کوڕەکەی لەنێو برا، ئاغامحەممەدخانی قاجار و دەیان نموونەی دیکەی مێژوویی کە لێرەدا دەرەتانی ناوهێنانیان نییە.

ئەوەیکە ئەم ڕۆژانە خامنەیی ئەزموونی دەکات، خەونەمارانەیەکە لە ئەنجامی کۆی ئەو جینایەتانەی کە لە ڕابردوودا کردوویەتی و خوێندنەوەی بەسەرهاتی ئەو پاشا و دەسەڵاتبەدەستانەی کە گەندەڵی سەرلەبەری ژیانی سیاسییانی داگرتبوو و دواتر دەرمانخوارد کران، کوێر بوون یان کوژران.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو کەتوارەی کە هەنوکە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەباری دزەی زانیارییەوە ئاستی بەڕادەیەک دابەزیوە کە وڵاتێکی وەک ئیسڕاییل و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ئورشەلیم بە ئاسانی و بێ هیچ دوودڵییەک دەتوانن بچنە نێو خاکەکەی، فیلم ساز بکەن، مۆرە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر بکەن و لێپرسینەوەیان لێ بکەن، مۆرە گرینگە ناوکییەکانیان لەنێو ببەن، پەهپادەکانیان بە بێ هیچ بەربەستێک بنێرنە ئاسمانی ئێران و زانیاری پێویست لەسەر دامودەزگا نهێنییەکانی تاران وەدەست بخەن، پەروەندە نهێنییەکانی بەرنامەی مووشەکی و ناوکی جەماران بفڕێنن و دەیان چالاکی تری لەو دەستە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە سەرانی کۆماری ئیسلامی و لەسەرووی هەمووان خامنەیی چەندە دەترسێ کە ئەو بەسەرهاتە مێژوویانە دوبارە و چەندبارە ببنەوە. بۆیە وێدەچێ دەرخستنی کەسێکی وەک نەقاشیان لەم هەلومەرجەدا زیاتر لەوەیکە ئاشکراکردنی نهێنییەکی مێژوویی بێت هەوڵێکی سیستماتیک بێت کە خامنەیی ئەنجامی دەدات تاکوو تۆزقاڵێک لە بارە قورسە دەرونییە نائارامەکەی کەم بکاتەوە. بە دیوێکی تریدا دەتوانین ئەم قسانەی نەقاشیان وەک تیکەیەک لەو هەزاران تیکەی پازڵە ببینین کە لە نیهایەتدا وێنا ڕاستەقینەکەمان نیشان دەدات. پازڵێک کە لابردنی حسەینی تائیب سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ئیبراهیم جەباری فەرماندەی سپای پارێزگاری کردن لە وەلی ئەمری پاش ١٢ ساڵ پارێزگاری کردن لە خامنەیی بەدواوە بوو.