کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم هەڕەشەی تۆڵەی لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران کرد

12:08 - 8 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی "ئیسماعیل خەتیب" وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنی شۆرای تەئمینی پارێزگای سنە، هەڕەشەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکانی جێگیر لەو هەرێمە و ئەو وڵاتانە کرد کە دژی ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدەن.

"ئیسماعیل خەتیب" هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئیتلاعاتی ڕێژیم لە جووڵەی دژبەرانیان ئاگادارن و بە توندترین شێوە تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە.

ناوبراو حیزبە کوردییەکانی بە ئامرازی دەستی وڵاتانی دەرەکی وەسف کردووە و هەڕەشەی تۆڵەی لە حیزبە کوردییەکان و وڵاتانی دەرەکی دژبەری ڕیژیم کردووە.

ئەو قسانەی وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم بە دوای ئەوەدا دێت کە ڕۆژێک پێشتر "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیم هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە وەڵامی هەر شێوە هەڕەشەیەک بۆ سەر پەیکەری ڕێژیمی ئێران بە توندی دەدەنەوە.