کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نێوان هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی تاڵەبان تێکهەڵچوونی چەکدارانە ڕووی دا

18:40 - 9 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لە نێوان هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی تاڵبان لە ناوچەی سنووریی "هیرمەند" لە نزیک شاری "دووست محەممەد" شەڕ هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی "تەسنیم" سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گەلاوێژ تێکهەڵچوونی نیزامی لە نێوان هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی تاڵبان ڕووی داوە.

لەو تێکهەڵچوونەدا سەرەتا هێزەکانی تاڵبان تەقەیان لە کۆمەڵێک لە ماڵەکانی شاری "دووست محەممەد" کردووە و دواتر شەڕ لە نێوان دوو لایەندا دەستی پێ کردووە.

هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەفغانستان باس لە کوژرانی سەبازێکی ئەفغانی و برینداربوونی یەکێکی دیکە دەکەن بەڵام هەندێک سەرچاوەی دیکە ئەو هەواڵە ڕەت دەکەنەوە.

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو تێکهەڵچوونە دوای ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە هێزەکانی تاڵبان ویستوویانە ئاڵای تاڵبان لە ناوچەیەکی سنووری هەڵ بدەن بەڵام هێزەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویانە کە ئەو ناوچەیە خاکی ئەفغانستان نییە و هەر بۆیە تێکهەڵچوون لە نێوان دوو لایەندا ڕووی داوە.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، هێزەکانی تاڵبان بە بەزاندنی سنووری ئێران تۆمەتبار دەکەن.

لە ساڵانی ڕابردووشدا لە ناوچەی "شوغالەکـ"ـی نزیک شاری "هیرمەند" لە پارێزگای بەلووچستان هێزەکانی تاڵبان بە مەودای سەدان میتر هاتبوونە نێو خاکی ئێران و شەڕی چەکدارانە لە نێوان دوو لایەندا ڕووی دابوو.