کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد ناچار کراوە بە هەڵگرتنی چەک

18:11 - 9 گەلاوێژ 2722

هێرۆ عه‌زیزی

شارستانییەتی دێرین و فەرهەنگی بەپێزی کورد و خاکی پڕپیت و بەرەکەتی کوردستان کە خاوەن دەیان و سەدان جۆر سامانی سروشتییە، لەو هۆکارانە بووە کە له دێرزەمانەوە دوژمنانی چواردەوری ئەو میللەت و خاکە، چاوی تەماعیان تێبڕیوە و لە هیچ هەوڵێک بۆ تواندنەوەی بایەخە بەرزەکانی ئەو میللەته و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەو خاکە کەمکارییان نەکردووە و بۆ ماوەی سەدان و هەزاران ساڵ تا ئێستا نەخشی هەڕەشەکارییان بۆ سەر کوردستان گێڕاوە. لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی دۆژمنانی کورد کە خۆی لە چوارچێوەی دەیان جینایەتی سامناکی مرۆڤی، ژینگەیی و ... دیوه‌تەوە، هەوڵ بۆ مانەوە و ژیان و پاراستنی کوردستان لەلایەن کوردەوە دراوە و لەو ڕێگایەدا نرخ و بەهایەکی زۆر بەخشراوە.

لە درێژەی زەمەندا کە دوژمنانی کورد و خاکی کوردستان بە زەبری ئاور و ئاسن، دەستیان بەسەر کوردستاندا گرتووە و بە خراپترین شێوە هەڵسوکەوتیان کردووە و کاتێک بەربەرەکانێی ڕەوا و بەرحەقی کوردیان بەرامبەر بە خۆیان دیتووە، لە جیاتی ئەوە عەقڵیان بشکێ بە ڕاستییەکان، دەستیان داوەتە سەرکوت و زوڵمی زیاتر و بۆ بەرەنگاریش زۆرجار تەنیا یەک بژاردەیان بۆ کورد هێشتووەتەوە ئەویش دیفاعی چەکدارانە بووە ئەوە لە حاڵێکدا بووە کە کورد چەک و شەڕکردنی لە هەموو شت ناخۆشتر ویستووە بەڵام چونکە زۆر جار چەک گیانی ئەوی پاراستووە و شەڕکردن زۆر جار مانای ژیان و بەردەوامی پێ بەخشیوە، لەلای کورد پیرۆزی پەیدا کردووە.

مێژووی کورد پڕە لە کارەسات و ئەگەر وەکوو کتێبێک چاو لەو مێژوویە بکرێت، لاپەڕەکانی هەموو بە خوێن نووسراوەتەوه. ئەگەر بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ لەوە پێش بگەڕێینەوە و چاو لە سەردەمی  هێرشی عه‌ره‌بەکان بۆ کوردستان بکەین دەبینین کورد سەرەڕای ئەوەی کە دواتر دینی ئیسلامیان قەبووڵ کرد بەڵام لە بەرامبەر تاڵان و کوشتوبڕی عەرەبەکان ڕاوەستان و بەرگرییان لە کەرامەت و شکۆ و نامووسی نەتەوەیی خۆیان کردووه.

لە سەدەی حەڤدەی زایینیدا لە سەردەمی دەسەڵاتداری سەفەوییەکاندا و ئەو کاتەی کە کێشە کەوتە نێوان شاعەباسی سەفەوی و میرخانی لەپ زێڕین لە ناوچەی برادۆستی ورمێ، شاعەباس هێرشی کردە سەر قەڵای "دمدم" کە شوێنی خانی لەپ زێڕین و کوردەکان بوو و ئەوان دەستیان دایە بەرەنگاری سپای سەفەوی و چەندین مانگ له بەرامبەر سپای دوژمنی کورددا خۆڕاگرییان کرد و لە کۆتاییدا بەهۆی بڕانی ئیمکاناتی شەڕ و پێداویستی، قەڵاکە چۆل کرا، پیاوە کوردەکان هەموویان لە شەڕ لەگەڵ دوژمندا شەهید بوون و ژنەکانیش گشتیان لەسەر قەڵاکەوە خۆیان هەڵدا خوارەوە تا وەدەست دوژمن نەکەون.

بە دوای ئەوەشدا سەرکوتی سەفەوییەکان تەواو نەبوو و بە سەدان و هەزاران کورد قڕ کران یا لە خاکی کوردستان، وڵاتبەدەر کران.

دەوڵەتانی دەوروبەری خاکی کوردستانیش کە وێڕای هێرشکردنە سەر کورد و خاکی کوردستان، لەگەڵ یەکتریش شەڕیان بووه، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کوردستان لە نێوان هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان هەڵکەوتووە، شەڕەکەیان هێناوەتە کوردستان و زەرەر و لێکەوتەکانی بەسەر کوردستاندا ڕژاوە.

شۆڕشی میرمحەممەدی ڕەواندزی لە ناوچەی "ڕەواندز"ی باشووری کوردستان، "بابانـ"ـەکان لە ناوچەی سلێمانی لە باشووری کوردستان، "بەدرخانـ"ـەکان لە

ناوچەی بۆتان لە ڕۆژاوای کوردستان، "یەزدانشێر" لە ناوچەی "هەکاری" باکووری کوردستان، "شێخ مەحموود"، 'شێخ سەعید"، "سەید ڕەزای دێرسیم"، "شێخ عوبەیدیلای شەمزینان"، شۆڕشی "سمکۆی شکاک" کە سەرەتا لە عەشیرەتەوە دەستی پێکرد و دواتر وەکوو سەرکردەیەکی نەتەوەیی ناوی دەرکرد و خواستی نەتەوەیی هێنایە گۆڕێ. کۆماری کوردستان لە مەهاباد کە بۆ ماوەی یازدە مانگ حکوومەتی کرد و وەکوو شانازییەکی مێژوویی و ئەوڕۆیی تۆمار کرا، هەروەها ڕاپەڕینی خەڵکی کورد لە ساڵی ۱۳۵۷ـی هەتاوی و هەڵتەکاندنی بنەچەی ڕێژیمی شاهەنشاهی، ئەو کۆمەڵە شۆڕشە و دەیان شۆڕشی دیکەی لەو چەشنە هەموو بەهۆی هێرش و زوڵم و زۆری دوژمنە ڕەنگاوڕەنگەکانی کورد ڕوویانداوە، بەڵام سەرهەڵدان و شۆڕشەکانی کورد ئەوەیان سەلماندووە که کورد شەڕخواز نەبووە و شەڕیان بەسەردا سەپاندووە ، بەڵام لە کاتی شەڕدا شەڕی قارەمانەی کردووە و دیفاعی لە مان و بوونی خۆی کردووە و ئەگەر دەستی بۆ توندوتیژی بردبێت، لە خۆشیان نەبووە و لەڕووی مەجبوورییەوە بووە. کەڵکوەرگرتن لە پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و چوونی د.قاسملوو بۆ سەر مێزی وتووێژی لەو بارەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کورد هەمیشە بۆ ئاشتی حازر بووە و تەنانەت ئامادە بووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ نرخی گەورە بدات.

هێرشی دوژمنانی کورد بۆ سەر کورد تەنیا خاکەکەی نەگرتۆتەوە بەڵکوو هێرشی جۆراوجۆر کراوەتە سەر زمان، کولتوور، ئەدەب و بە گشتی فەرهەنگەکەی و خاڵی ئەرێنیی کوردیش لەوەدا بووە کە لە هەموو بارێکەوە بەرپەرچی هێرشەکانی دوژمنانی داوەتەوە و سەرەڕای بەرگریکردن، هەوڵی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئینسانی و ڕەواکانی داوە ونەیتوانیوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی دوژمندا ژیان بەڕێ بکا.

بەرگریکردن، خاڵێکی ئەرێنی بووە لە ژیانی کورددا، بەڵام تەنیا دەسکەوتی تا ئێستا لەوەدا ماوەتەوە و نەیتوانیوە بە تەواوی لەوە زیاتر بچێتە بەرەوە.

کاتێک کە هێرشی دوژمنان گەیشتبێتە ڕادەیەک کە هیچ ڕێگایەکی بۆ کورد نەهێشتبێتەوە، کورد دەستی داوەتە چەک و لە ڕێگای توندوتیژەوە دیفاعی لە خۆی کردووە.  بەو حاڵەشەوە هێشتا کورد بە تێرۆریست و مرۆڤکوژ ناو دەبەن، بۆخۆشیان باش دەزانن کە کورد مرۆڤکوژ نییە و تا ئێستا ئەگەر شەڕی کردبێ، شەڕی بەرگریی ڕەوا و بەرحەق بووە.

هەر بەو هۆیانەوە دەڵێین کورد بۆ بەرگری لە خۆی و مافەکانی مەحکوومە بە ‌هەڵگرتنی چەک.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.