کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دنیای ئاڵۆزی بەرژەوەندییەکان

18:18 - 9 گەلاوێژ 2722

ئاسۆ مێنبەری

یەکێک لە یاسا سروشتییەکانی ژیان، حەزی مرۆڤەکان بۆ قازانجکردن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیانە. بەرژەوەندی وەکوو چەمکێکی گرنگ لە زانستە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، کۆمەڵناسی، مێژوو، فەلسەفە، یاسا و پەروەردە و لە هەموویان گرینگتر لە زانستی سیاسیدا دێتە بەرباس و کەڵکی لێ وەردەگیردرێت. خودی بەرژەوەندی بۆ ئەوەی کە وەکوو واقع چاوی لێ بکرێت، پەیوەست دەبێ بە کۆمەڵگاوە، کۆمەڵگایەک کە تێیدا پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گرینگیی تایبەتی خۆیان هەیە و ئەوە بەپێی کۆمەڵگاکەیە کە ڕەنگە بەرژەوەندییەکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێت. بۆ نموونە ئەگەر کۆمەڵگاکە، پۆلێکی خوێندن بێت، ئەوە تاکی خوێندکار بەرژەوەندیی لەوەدایە کە زیاتر بخوێنێت، زیاتر گوێ بگرێ، زیاتر لەگەڵ مامۆستاکە پێوەندی درووست بکات و زیاتریش بتوانێ بە درووستکردنی پێوەندی، زانیاری لە هاوپۆلییەکانی خۆی کۆبکاتەوە، کەوایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی خۆی کە سەرکەوتنە لە پۆلەکە، پێویستە رێوشوێن و مێکانیزمی تایبەت بگرێتە بەر کە ئەم رێوشوێنە تایبەتە بەمانای کێبڕکێ و ڕقابەتکردنە لە نێوان تاکەکانی ئەم پۆلەدا.

بەڵام ئەم کێبڕکێیە لە کۆمەڵگایەکی گەورەتر لە پۆلێکی خوێندندا، شێواز و جۆری دیکە لەخۆ دەگرێت و بەپێی پێویستیی کۆمەڵگاکە و بەپێی ئامانجە دیاریکراوەکە، گۆڕانی بەسەردا دێت، کەوایە ڕەنگە هەر تاکێک بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکەی خۆی جیا لە دۆزینەوەی ڕێگا چارە، رێگاچارەش بخولقێنێ!

 

ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئەم نووسراوەیەدا دەگونجێ، بەرژەوەندییەکان لە دنیای سیاسەتە، ئەو زانستەی کە هەموو وڵاتانی دنیا و هەموو تاکەکانی دنیاش تەنانەت ئەگەر وای بنوێین کە زۆر لێی دوورن و گرینگیی پێ نادەن، بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئاوێتەی ژیانیان بووە و کاریگەریشی لەسەر ژیانیان دەبێت.

زۆرجار دەوترێت کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆیە کاتێک تاکێک دێتە نێو ژیانێکی کۆمەڵایەتییەوە، جیا لە ماف و ئەرکەکانی خۆی وەکوو تاک، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ماف و ئەرک دەبێتەوە کە لە بەرانبەر کۆمەڵگاکەیدا هەیەتی، بۆیە زۆرجار پێویستە کە تاک لەخۆبوردوو بێت و قازانج و بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگاکە لە بەرچاو بگرێ، لەم پێناوەشدا پڕ ئاشکرایە کە ئەگەری زۆرە هەندێ جار قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەبەرچاو نەگیردرێن!

بەڵام ئەمە تا چەند لە کۆمەڵگای ئێمە واتە لە کوردستاندا جێگای گرتووە؟ تا چەند تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە هەوڵیان داوە بەرژەوەندیی گشتی وەپێش بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆیان بخەن و تا چەند ئامادەن بۆ بەرژەوەندیی گشتی، خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان ببن بە قوربانی؟

ئەمە ڕەخنەیەکی زۆر جیدییە کە زۆر جار بەرەوڕووی تاکە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەبێتەوە، زۆرجار دەوترێت کە تاکێکی سیاسی یان باشتر بڵێم تاکێک کە بە هەر هۆکارێک کەوتووەتە نێو دنیای سیاسەتەوە ـ مەبەست رێبەرانی بزووتنەوەکان نییە ـ  بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی خۆی و بۆ بەرژەوەندیی خۆی ئامادە بووە کە چ کارگەلێکی نالۆژیکی و بەدوور لە ئەخلاقیش بکات، بەڵام بەڕاستی لە پێناو چیدا؟

کاتێک باس لە سیاسەت لە کوردستاندا دەکرێت بێگومان بیر و زەینی مرۆڤ بۆ لای حیزبە سیاسییەکان دەچێت، چونکە لە راستیدا ئەمە پێناسەی کۆمەڵگای کوردستانی داگیرکراوە کە بە بێ هەبوونی حیزبەکان ماناکەی خۆی لەدەست دەدات، بەڵام هەر لەم چوارچێوەیەدا و بەبێ جیاوازیی حیزبەکان لە بواری ئیدئۆلۆژی و بەرنامە و پرۆگرامی تایبەتی خۆیانەوە، تا چەند تاکە سیاسییەکانی نێو ئەم چوارچێوەیە توانیویانە سیاسی بن و بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەکوو تاک نەکەنەوە؟

ئەمە راستە کە بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی تاکەکەسی یەکەم پلە بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون و تێپەڕاندنی قۆناغە جیاوازەکانی ژیان و خەباتە بەڵام، ئەی بەرژەوەندیی گشتی؟ مەگەر جگە لەمەیە کە هەر حیزبێک بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوە یان گرووپێکی تایبەتی کۆمەڵگای بەردەنگی خۆی دامەزراوە؟ ئەی ئەگەر وایە چۆن ئەبێ تاکەکان بیر لە قازانج و بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانی خۆیان بکەنەوە و زۆرجاریش بە ئاسانی قازانج و بەرژەوەندیی گشتی پێشێل بکەن؟

ئەو کێبڕکێ و ڕقابەتکردنە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا تا چەند لە مەیدانی سیاسەتدا درووست و لۆژیکییە؟ رێگا درووستەکە لەم دنیایەدا کامەیە؟ پاراستنی بەرژەوەندیی تاکەکەسی یان بەرژەوەندیی گشتی؟

ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاردەربوون وەکوو حەز لە هەر تاکێکی سیاسیدا بوونی هەیە، بۆیە هەوڵەکانیش بۆ گەیشتن بەو حەزانە بەردەوامن، بەڵام کاتێک باس لە سیاسەت و پلانداڕێژی بۆ داهاتووی گرووپێکی تایبەت و بەتایبەت نەتەوەیەک دەکرێت، چیدیکە بەرژەوەندیی تاکەکەسی نابێ واتایەکی بمێنێت، تێکەڵبوونی تاک لەگەڵ گرووپەکە، بە مانای هاوپێوەندیی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەشە، کەوابوو ناکرێ تاک باس لە ئامانجی هاوبەش بکات، کەچی لە پەنای ئەوەشدا زیاتر بیر لە ئامانجەکەی خۆی بکاتەوە و ئامادە بێت بەرژەوەندیی گشتی بکاتە قوربانی بۆ بەرژەوەندییەکەی خۆی! هەر ئەمەیە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی باند و تاقم و دەستە لە نێوان گرووپە جیاوازەکاندا و وا دەکات کە تاکەکان بە لەژێرپێنانی کەسایەتی و کەرامەتی خۆیان ببن بە مۆرە تاکوو بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتێکی بچووکیش بووبێت، ناچار بن  کڕنۆش بۆ کەسانێک ببەن کە ڕەنگە ئەوانیش شیاوی پێگەکەی خۆیان نەبن، چونکە لە راستیدا ئەوە خودی تاکەکانی کۆمەڵگان کە بە بایەخدان بە کەسانی تر، جێگە و پێگەیان پێ دەدەن و لە ئاکامیشدا دیکتاتۆرێکی لێ ساز دەکەن تاکوو حوکم بەسەریاندا بکات!

ئەم پرسە بۆ ئێمەی کورد کە ساڵانێکی زۆرە لە چوارچێوەی حیزبە جیاوازە کوردستانییەکاندا خەبات دەکەین تاکوو مافی نەتەوەیەک بە ناوی نەتەوەی کورد بستێنین و بە هەزاران قوربانیمان لەم پێناوەشدا داوە، دەبێ بابەتێکی گرینگ و جێی تێڕامان بێت.

دنیای سیاسەت، دنیایەکی ئاڵۆزە، بۆیە پێویستە تاکێک کە خۆی بە سیاسی دەزانێت سەرەتا خۆی بناسێت و بزانێ تا چەندە ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکە قوربانی بدات و بەرژەوەندییەکانی خۆی پشتگوێ بخات؟ تا چەند ئەتوانێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هاوبەشە هەنگاوی کردەیی هەڵ بگرێت و تا چەند ئامادەیە هاوکار و یارمەتیدەری کەسانی تر بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بێت؟

ئێمە کاتێک دەتوانین بە ئامانجە گشتی و سەرەکییەکەی خۆمان وەکوو نەتەوەی کورد بگەین کە بتوانین سیاسییەکی بە ئەخلاق بین! و ئامادە نەبین بۆ هەر پۆست و مەقامێک پشت لەو کەسانە بکەین کە ڕۆژانێ خۆیان کردبووە پلە بۆ سەرکەوتنمان و قوربانیان دا. ئەگەر تاکێک بگاتە ئەم ئاکامە کە دەتوانێ بەرژەوەندیخواز نەبێت و بە بەدەستەوەگرتنی نیمچە دەسەڵاتێک، پێگەی خۆی لە بیر نەکات و بیر لە تۆڵەکردنەوەی ئازارەکانی ژیانی لە کەسانی ژێردەستی نەکاتەوە، ئەو کاتەیە کە دەتوانێ کەسێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگاکەی بێت و هەموو هەنگاوەکانیشی هەنگاوی کردەیی بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندی گشتی بن!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.