کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی خۆپیشاندران لە عێراق هەروا درێژەی هەیە

18:47 - 9 گەلاوێژ 2722

ڕۆژێک دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارلمانی عێراق لەلایەن لایەنگرانی ''موقتەدا سەدر'' مانگرتنی لایەنگرانی لە پارلمان درێژەی هەیە.

هەواڵدەریی ''ئاسۆشێتد پرێس'' ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گەلاوێژ بڵاوی کردووەتەوە خۆپیشاندەران دوای چوونە نێو پارلمان، جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی دانیشتنەکە کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە تا وڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە بڵاوەی ناکەن.

ڕێژەی خۆپیشاندەران کە لەلایەن هەواڵدەرییەکانەوە هەزاران کەس ڕاگەیەندراوە سەرەتا ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەتییەکان بوونەتەوە بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەیان پۆلیس پاشەکشەی کرد.

هەروەها هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' ڕۆژی یەکشەممە نووسیویەتی، لە ئەنجامی هرۆژمی خۆپیشاندەران بۆ سەر پارلمانی عێراق بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە ١٢٥ کەس بریندار بوونه.

لە كاتێكدا موقتەدا سەدر دادگای باڵای عێراقی بە دەستێوەردان بۆ ڕێگریكردن لە پێكهێنانی حكوومەت تۆمەتبار كردووە زۆرێک لە خۆپیشاندەران لەبەردەم ئەم دادگایە خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە.

هاوكات ''مستەفا كازمی'' سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای هاتنی هەزاران لایەنگری ڕەوتی سەدر بۆ ناوچەی سەوز، ڕۆژی یەكشەممە بڕیاری دا کاروباری سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكان ڕابگیرێن.

ناوبراو فراکسیۆنە سیاسییەکانی لە پەرەسەندنی گرژییەکان بە بەرپرسیار زانی و داوای لێکردن قان بدەن بۆ ئەوێکە قەیرانەکان کۆتاییان پێ بێت.

هاوکات ''ئانتۆنیۆ گۆترێش'' سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق کردووە "هەنگاوی خێرا بنێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژیی زیاتر و دەستەبەرکردنی پاراستنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و دامەزراوە حکوومەتییەکان".

دوای ٩ مانگ لە هەڵبژاردنی پارلمانی عێراق، تا ئێستا لایەنە سیاسییەکانی عێراق نەیانتوانیوە لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرکۆمار و هەروەها بەربژێرێک بۆ سەرۆکوەزیران ڕێک بکەون.

خۆپیشاندەران دەسەڵاتدارانی عێراق بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن و دژایەتی بەربژێرکردنی ''محەممەد ئەلشیاع سودانی'' هاوپەیمانی هێزە شیعەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران دەکەن.