ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تۆمەت و بوختانەكانی ئەم دواییانەی كۆماری ئیسلامی لە سەر بزووتنەوەی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سێناریۆسازی و تۆمەتە بێ بنەماکانی كۆماری ئیسلامیی بە توندی ڕەت کردەوە و بە مایەی داماوی و بێدەرەتانیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی زانی.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
لە ڕۆژانی رابردوودا پاش بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران سەبارەت بە دەستگیركردنی ژمارەیەک پێشمەرگەیان لە نێوخۆی كوردستان لە كاتی ڕاپەڕاندنی ئەركی ڕێكخستن و تەشكیلاتیدا، هێرشێكی بەربڵاو لەلایەن دەزگای ئیتلاعات و دامودەزگاكانی كۆماری ئیسلامییەوە بڵاو كرایەوە كە چالاكی ئەو پێشمەرگە گیراوانەی بە پیلانی وڵاتانی دەرەوە و پەیوەندییان لەگەڵ ئیسراییل بەستەوە.
تۆمەت بەخشینەوە و تۆمەتباركردنی هەر دەنگێكی ئازاد و هەر ڕەوتێكی خەباتكاری كوردستان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیكە یەكێک لە سەرەكیترین كار و پیشەكانی كۆماری ئیسلامی بووە و لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا بە دەیان جار حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بزووتنەوەی ڕەوای خەڵكی كوردستانی بە "دەستی دەرەكی" و "هاوپەیمانی ئامریكا و ئیسرائیل" و .. تۆمەتبار كردووە.
هەڵمەتی ناڕەوای ئەمجارەی كۆماری ئیسلامی لە كاتێكدایە كە ئەم ڕێژیمە سەرەڕای قەیرانی نێوخۆیی و ناڕەزایی بەرینی توێژە جیاجیاكانی خەڵک كە خوازیاری نەمانی ئەم ڕێژیمەن، بارودۆخی دەرەكیشی تووشی قەیرانێكی گەورە بووە كە بۆی چارەسەر نابێت، هەر لە بابەتی دەستپێڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی تا دەستێوەردانی لە وڵاتانی ناوچەكە و برەودان بە سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی تووشی قەیرانی جیدی بووە. لەم دواییانەشدا لێدانی ناوەندە ئەتۆمی و موشەكییەكان و كڕینی ژمارەیەک كەسی پلەبەرز لە هێزە ئەمنییەكان و باقی دامودەزگاكانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕێژیم بۆ سەندنەوەی ئابڕوی لەدەستچووی خۆی جارێكی دیكە سێناریۆسازی بكات و ئەمجاریش ئەم سێناریۆیەی تۆمەت لێدان لە بزووتنەوەی كوردستان و حیزبەكانی ڕێكخست.
ئێمە وەک ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران ئەم سێناریۆسازی و تۆمەتە بێ بنەمایانەی كۆماری ئیسلامی بە توندی ڕەت دەكەینەوە و بە مایەی داماوی و بێدەرەتانیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی دەزانین. لەلای هەمووان ئاشكرایە كە كورد و بزووتنەوە ڕەواكەی هەڵقوڵاوی ناخی ئەو ستەم و بێ مافییەیە كە لەماوەی تەمەنی كۆماری ئیسلامیدا لە كوردستان پەیڕەو كراوە و سازكردنی بوختان و درۆ و تۆمەتی بێ بنەما بۆ سەر بزووتنەوەی كورد و حیزبەكانی بێجگە لە مایەپووچبوونی ئەم ڕێژیمە زیاتر نییە.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی
٢٩ی ژوئیەی ٢٠٢٢ی زایینی