کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەپێی نەریتی بێگانە تەنیا ڕەنگ و ڕووی نەگۆڕیوە

13:25 - 8 گەلاوێژ 2722

ئەوین حەکیم‌پوور

پێش دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ژنانی ناوچەی زاگرۆس و بەگشتی ژنانی کورد گەرچی لە خوێندن و دەسپێڕاگەیشتن بە زانیاری و خزمەتگوزاری بێبەش بوون، بەڵام بە جلوبەرگی نەتەوەیی  و دابونەریت و خووی سرووشتی خۆیان شەو و ڕۆژیان دەکردەوە و دەژیان.

بەڵام دوای ئەو دەسەڵاتە وردەوردە ژینگە و سروشتی ژنی کورد بەهۆی سیاسەتی ئاسێمیلەکردنەوە گۆڕا، ئەو گۆڕانەش تەنیا لە جلوبەرگدا نەکراوە بەڵکوو لە کردار و هەڵسوکەوتیشدا گۆڕاوە و زیانێکی زۆری پێ گەیشتووە.

بۆ نموونە لە کوردستان زۆربەی ژنەکان سەربەخۆ بوون و بۆخۆیان بژێوی ژیانیان دابین کردووە و کەرەستەکانی وەکوو دێزە و گۆزە و شتی دیکەی دەستچنیان بە سواری ئەسپ و گوێدرێژ و لە تێڕێکدا بۆ شار و گوندەکانی کوردستان بردووە و فرۆشتوویانن و سەفەریان کردووە و شتێک بە ناوی عەیبە بۆ ئەو شێوە ژیانە ئاسایی و سروشتی و سەربەخۆیەی ژن نەبووە، بەڵکوو وەکوو ژنی ڕەسەن و ئازا و بوێری گوند و شار و ناوچەکەیان ناسراون و لەلایەن خەڵکەوە ڕێزی تایبەتییان لێ گیراوە.

بەڵام ئێستا بەهۆی کولتووری سەقەتی ئایین و ئاسێمیلەکردن لەلایەن رێژیمە یەک لەداوی یەکەکانەوە، پیاو بە هەموو شتێک زانین و پیاوسالاری یان باشترە بڵێین نێرسالاری ئەو ڕەسەنایەتی و کولتوورە جوانەی کورد، لەنێو چووە و گۆڕاوە بۆ چەوساندنەوە، سەرکوت، کوشتن و بێبەشکردنی ژن لە بوون و شوناسی خۆی و بەو جۆرە ژنە سەرکەوتووانە دەڵێن بەرەڵا!

جاران کە ئایشێ و گوڵناز و ئامین و مەنیج و فاتم و پیرۆز و تووبا کڵاوی زێڕیان بە لاگیرە و کرمەکەوە دایم بەسەرەوە بوو و دەسەڵاتی بنەماڵەیان دەگێڕا، ئێستا سۆنیا و سۆما و ئێلیناز و سۆزان بە لەبەرکردنی مانتۆیەک بوونەتە داردەست و بۆیان نییە بە تەنیا بڕۆنە سەفەر و کار و پیشەی خۆیان هەبێت و بە پیاو بڵێن بۆ؟! چوونکە عەیبە و کۆمەڵگە لۆمەیان دەکات و ژیانیان لێ تاڵ دەبێت و پەڕاوێز دەخرێن.

ژنانی ئێستای کۆمەڵگەی کوردەواری ئیدی ئەوەی لەمێژینە نین بنەماڵە و پیاوەکان دەستیان بۆ سینگییەوە بگرن، بەڵکوو هیچ لەلایەن مێردەکانیانەوە بگرە لەلایەن کوڕ و پیاوە نزیکەکانیشیانەوە وەکوو شووبرا و برا، باب و مام و خاڵ دەکەونە بەر سەرکوت و سەربەخۆییان لێ ئەستێندراوە.

کاتێک ژن مێردەکەی دەمرێت منداڵە ورکەکانی بە شان و ڕەنجی خۆی گەورە دەکات و بۆ پیداویستیی ژیانی وەکوو پیاوەکان دەگەڕێ و دەچێتە بازاڕ و شار، بەڵام کاتێک کە کوڕەکەی گەورە دەبێت دەڵێ ئەتۆ بۆت نییە بگەڕێی خۆ بەرەڵا نیت! بە زمانێکی سادە کوڕەکەی لەسەری دەبێت بە کەڵەگا!

یان ژنی چاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوە ژنەیە کە لەو کاتەیەوە تارای بووکێنی بەسەریدا درا، ئیدی دەبێ خەریکی گەورەکردنی منداڵەکانی بێت و ماڵداری بکات و هەروەها کەسانی بەساڵاچووی ماڵەکە بەبێ هیچ دەسکەوتێک و چاولەدەست بەخێو بکا و خزمەتیان بکات و لەکاتی نەگونجاندا بیریش لە جیابوونەوە و مێردی دیکە نەکاتەوە.

لەو پەیوەندییەدا پەندێکی دواکەوتووی کوردەواری هەیە کە بەپێی ئەوە پێوەری ژنی باش و چاک و پیاوی باش و خراپ دیاری دەکرێت کە دەڵێت: "ژنی شەرمن شارێکی دێنێت و پیاوی شەرمنیش شانەیەک دێنێت و بایی پەناباتێکە". لە حاڵێکدا شەرمکردن نیشانەی بڕوابەخۆنەبوونی ئەو تاکەیە جا لە هەر ڕەگەزێک بێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە پیاو دەتوانێ بە ئازادی بیر لە جیابوونەوە و ژنی چەندوم بکاتەوە و هەر دوای لە گۆڕنانی ژنەکەی، ژنی دووهەم بێنیتەوە و ژیانی خۆی بکات و بۆشی گرینگ نییە چارەنووسی منداڵەکانی بە دەست زڕدایکەوە دەبێتە چی کە ڕۆژانە گوێمان لە هەواڵی ئازار و ئەشکەنجەدانی منداڵان و مێرمنداڵان بەدەستی زڕدایکەوە دەبێت.

ئەوە بیرەوەرییەکی زۆر لەمێژینە نییە کە بڵێین لەبیرمان نییە، لێرەدا مەبەستم لایەنگری لە جگەرەکێشان یان نەکێشانی نییە بەڵکوو ئەوەیە لە بەرزایی لووتکەوە هاتووینەتە بیابانێک کە هیچ پێشکەوتنێکی تێدا نییەوە ئەویش ئەوەیە کە دایک و نەنکی ئێمە لەنێو کۆمەڵگەدا جگەرەیان بە لا لێوێکییەوە دەنا و لەگەڵ پیاوەکان دادەنیشتن جگەرەیان دەکێشا و هیچ لۆمەش نەدەکران و پێشیان ژنێکی خراپ نەبوون و ئاسایی بوو لەلایەن، بەڵام چۆنە ئێستا کچێکی جگەرەکێش دوای ماوەیەکی کورت کە گۆڕانکاری نەرێنی بەسەر خوو و ڕەوشتی تاکی کورددا هاتووە دەکەوێتە بەر لۆمەی بنەماڵە و کۆمەڵگە!؟ لەوەی سەیرتر ئەوەیە کۆمەڵگەی ئێمە بیر لە گۆڕانکارییە نەرێنییەکانی خۆی ناکاتەوە و نایە خەسارناسی بۆ بکات، تەنیا بەپێی ئەوەی کولتووری پیاوسالاری و ئایین پێی دیکتە کردوون دەڵێن ئەو شتانە بۆ ژنان عەیب و بڤەیە وەکو تووتی بۆ شکاندنی و دابەستەکردن و سەکوتی ژنان کەڵکی لێوەردەگیرێت کە بەداخەوە ئەو خووە خراپە گواستراوەتەوە بۆ ژنەکانیش و ئەو عەیبە و بڤەیە بە هاوڕەگەزەکانی خۆیان دەڵێن و لەلایەن خۆشیان سەرکوت دەکرێن.

لە پێوەندی بەو بابەتەوە بەشێک لەو شێعرەی "یادگاری شیرینـ"ـی مامۆستا "هێمنـ"ـم وەبیر دێتەوە کە دەڵێ:

كیژی شێخ و كیژی حاجی و كیژی ئاغا ڕەنجەرۆن

كیژی ئازادە ئەوێ ژینی بە نووكی گاسنە

 

شەنگەبێری یار و دەسباری كوڕی كۆچەر نەبێ‌

چۆن دەگاتە جێ‌ هەوار و هۆبە ئەو بارگە و بنە؟

 

قەڵشی دەست و كوڵمی سووتاوی كچی لادێ‌ نەبێ‌

چۆن دەگاتە دەستی دەسبڕ ئەو هەموو تاتووتنە؟

 

نیسك و نۆک و ماشی ناو عەمباری ئاغای مفتەخۆر

پاک لە سایەی دەسكەنەی "زێن" و "مرۆت" و "سوێسنە"

 

شۆڕەژن بنكۆڵ نەكا بڕکەی بە قرچەی نیوەڕۆ

چۆن لە كاڵەک تێر دەبێ‌ ئەو زگزلە بیستانڕنە؟

 

كوا مەتاعی كوردەواریمان دەچوو بۆ هەندەران؟

گەر بە سەربەستی نەژیبا ئەو كچە مازووچنە

 

بێر و هاوێری لەگەڵ كاكی نەكردبا بن پشک

چۆن دەمانبوو ئەو هەموو گۆشت و پەنیر و بەرگنە؟

 

دەست و كەركیتی كچی نازداری هەوشاری نەبا

چۆن دەڕازاوە بە قاڵی شار و بازاڕی سنە؟

 

با هەزار "زێ‌" و "گادەر" و "لاوێنی"ڕوونیشمان هەبێ‌

تاكوو ژن ئازاد نەبێ‌، سەرچاوەكەی ژین لیخنە

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.