کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران: هاتنی لافاو زیانی گیانی و مادیی زۆری لێکەوتووەتەوە

12:51 - 8 گەلاوێژ 2722

نوێترین ئامارەکان سەبارەت بە هاتنی لافاو لە حەوت پارێزگای ئێران باس لە گیان لەدەستدانی ٥٢ کەس و بێ سەروشوێنبوونی ١٦ کەس و زیانی مادیی زۆر لەو بارەوە دەکەن.

لە چەند ڕۆژ لەمەوبەرەوە لافاو پارێزگاکانی بەلووچستان، کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرمان، یەزد، تاران، فارس، مازەندەران و چەندین پارێزگای دیکەی ئێرانی گرتووەتەوە کە لەو نێوانەدا پارێزگای تاران زۆرترین زیانی مادی و گیانیی بەرکەوتووە.

بەهۆی بارینی بارانی زۆر، بەنداوەکان پڕ بوون لە ئاو و هەستانی لافاو زیانێکی زۆری گیانی و مادیی بە ناوچەکە گەیاندووە و تا ئێستا ٥٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٦کەسیش بێ سەروشوێنن.

لە زۆربەی شار و پارێزگاکانی ئێراندا بای توند و برووسکە بەردەوامە و پێشبێنی ئەوە دەکرێت کە ئەو ڕەوشە هەتا ڕۆژی دووشەممەی ئەم حەوتوویە بەردەوام بێت.

هاتنی لافاو لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران خەڵکی ئەو ناوچانەی تووشی کێشە کردووە و خەڵک هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێ ناگات و زۆربەی ڕێگاکانی هاتوچۆ گیراون.