خۆپیشاندەرانی عێراق بەنیسبەت پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن گرووپە شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕۆژی هەینی لە بەغدا و بەسرە مانیان گرت و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
خۆپیشاندەران بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٨ی گەلاوێژ، ناڕەزایەتییەکی بەرین دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و دۆخی نالەباری ئەو وڵاتە وەڕێ بخەن.
دوای ئەوەیکە ''عەمار حەکیم''، سەرۆکی حیزبی حیکمەتی میللیی عێراق، پێشوازیی لە پێکهێنانی حکوومەت بە هاواهەنگیی گرووپە شیعەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کرد، خۆپیشاندەرانی عێراق لە بەغدا و بەسرە نووسینگەکانی ئەم حیزبەیان داخست و دروشمیان دا.
لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەران و لایەنگرانی ڕەوتی سەدریش لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بەرامبەر بە پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن ئەو گرووپانەی کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات، مانیان گرت.
لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرش بۆ سەر نووسینگەكانی حیزبی حیکمەتی میللیی عێراق، ڕاپۆرتەکان ئاماژه بەوە دەکەن کە لانیکەم شەش نووسینگەی ئەم حیزبه له شوێنە جیاجیاکان لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدرەوە داخراون.
موقتەدا سەدر تا ڕۆژی شەممە مۆڵەتی بە گرووپە سیاسییەکانی نزیک بە ڕێژیمی ئێران داوە کە سەرۆک وەزیران بناسێنن.
ڕۆژی چوارشهممه ٥ی گەلاوێژ، ههزاران کەس لە لایهنگرانی موقتهدا سهدر له كاتێكدا کە دروشمیان دژ به ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ''محهممهد شێخ ئهلسودانی'' بەربژێری سهرۆکوهزیرانی گرووپه شیعهكانی سهر به ئێران دهوتهوه، چوونه نێو ناوچهی سهوزی بهغدا و بۆ ماوهی چهند كاتژمێرێک باڵهخانهی پارلهمانی عێراقیان داگیر كرد.