![](/content/upload/1/news/55082_w920.jpg)
له ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا بۆ دووەمین جار، هه‌زاران لایه‌نگری موقته‌دا سه‌در چوونه نێو هه‌ندێ لە باڵه‌خانه حکومه‌تییه‌کان و یەک له‌وان پا‌رلمانی عێراق لە ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و ناڕه‌زایه‌تییان دژی نفووز و ده‌ستێوه‌ردانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران له‌م وڵاته ده‌ربڕی و دروشمی "ئێمه حکومەتێکی ئێرانیمان ناوێت''یان وتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، خۆپیشاندەران لە ناڕەزایەتیی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ گەلاوێژ، جگە لە داگیرکردنی پارلمان، دوای شکاندنی بەربەستەکان هەڵیانکوتایە سەر بینای کابینەی وەزیران و سەرۆکوەزیران.
ئەم خۆپێشاندانە لە ناڕەزایەتی بە ئەگەری پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن گرووپە شیعەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و هاوکات لەگەڵ سەفەری ''ئیسماعیل قائانی'' فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران بۆ عێراق، بەڕێوە چوو.
ناڕازییان بە دەربڕینی دروشمی ''ئێمە حکوومەتی ئێرانیمان ناوێت''، ''ئێمە تەنیا سەدری نین و تەواو عێراقین''، "حکوومەتی ژێردەستمان ناوێت'' و "ئێمە حکوومەتی سەربەخۆی عێراقیمان دەوێت"، خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لانیکەم ٩ کەس لە خۆپیشاندەران بریندار بوونە و کەسێکیش گیانی لەدەست داوە.
شەوی هەینی چەند نووسینگەیەكی حیزبی "ئەلدەعوە" و "حیكمەتی میللیی عێراق" لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە داخران.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، گرووپی حەشدی شەعبی سەر بە ڕێژیمی ئێران خۆی خستووەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.
ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی پێشووش، هه‌زاران کەس لە لایه‌نگرانی موقته‌دا سه‌در له كاتێكدا کە دروشمیان دژ به ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ''محه‌ممه‌د شێخ ئه‌لسودانی'' بەربژێری سه‌رۆکوه‌زیرانی گرووپه شیعه‌كانی سه‌ر به ئێران ده‌وته‌وه، چوونه نێو ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێک باڵه‌خانه‌ی پا‌رله‌مانی عێراقیان داگیر كرد.