کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا شیرکەتێکی چینیی بە پێشێلکردنی گەرمارۆکانی ئێران تاوانبار کرد

11:50 - 18 گەلاوێژ 2722

وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا شیرکەتی چینیی ''فار ئیست کیبل''ی بەوە تاوانبار کردووە کە لە ڕێگای یارمەتیدان بە شیرکەتێکی دیکەی چینی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی پێشێل کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گەلاوێژ بڵاوی کردووەتەوە، شیرکەتی '' فار ئیست کیبل'' بەوە تاوانبار کراوە کە لە دەورەیەکی زەمەنیدا کە شیرکەتی چینیی ZTE لەژێر چاوەدێریدا بووە، بە نهێنی یارمەتیی داوە.

شیرکەتی چینیی ZTE چەندین ساڵ بەوە تاوانبار کرابوو کە کەرەستە هەستیاری پێوەندیگرتنی درووستکراوی ئامریکای بە شێوەی نایاسایی بۆ ئێران ڕاگواستووە و لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا درۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئامریکایی کردووە.

ئەو شیرکەتە سەرنجام لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ بە قەبووڵکردنی تاوانەکەی خۆی، لەگەڵ وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا بەو ئەنجامە گەیشت کە ٨٩٢ ملیۆن دۆلار جەریمە بدات و بەشێک لە جەریمەکەی دیکەی ئەو شیرکەتە هەڵپەسێردراوە.

ئێستا وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا شیرکەتی چینیی ''فار ئیست کیبل''ی بەوە تاوانبار کردووە لە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بە شێوەی نهێنی دەڵاڵیی بۆ شیرکەتی ZTE و شیرکەتەکانی ئێران کردووە و لە ١٨ حاڵەتدا گەمارۆکانی پێشێل کردووە.