کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مادە هۆشبەرەکان و ئاسەوارەکانیان لەسەر کۆمەڵگا

23:23 - 18 گەلاوێژ 2722

خەبات ساڵحپوور

تەوەرێکی گرینگ کە لە ئێستادا کۆمەڵگای ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان لەگەڵی بەرەوڕووە و بووەتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی - ئابووری و خەڵک ڕۆژانە و تەنانەت ساتبەساتی ژیانیان دەیبینن، تووشبوونی چین و توێژە جۆربەجۆرەکان بەتایبەت چینی لاوان بە مادە هۆشبەرەکانە کە وەک زۆرجار وتراوە ئەمە پیلانێکە کە لەلایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچێت؛ وەک خودی حکومەتیش دانی پێداناوە لاوانی کۆمەڵگای ئێران بە ڕادەیەکی زۆر بووونەتە قوربانی کڕین و فرۆشتنی ئەم ماددانە بەچەشنێک کە تەمەنی گیرۆدەبووان و فرۆشیاران لە نێو قوتابخانەکاندا بۆ ١١ ساڵ دابەزیوە! ئەمەش وەک گەورەقەیرانێک دەبیندرێ کە بەرۆکی کۆمەڵگای ئێمەی گرتووەتەوە.

ئەوەی ڕوونە، بڵاوبوونەوە و تووشبوونی لاوانی کۆمەڵگایەک بە مادە هۆشبەرەکان بێجگە لەوەی داینەمۆی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگاکان تووشی خەسار دەکات دەبێتە هۆی پیریی کۆمەڵگا و لە ئاکامدا لەنێوچوونیی.

گیرۆدەبوونی کۆمەڵگایەک بەو ماددانە نەتەنیا دەبێتە هۆی زەربەلێدان لە ئابووریی وڵاتیک و لەنێوچوونی هێزی ئەکتیڤی ئەو کۆمەڵگایە بەڵکوو زەربە لە فەرهەنگ و پڕەنسیپە ئەخلاقییەکانی ئەو کۆمەڵگایەش دەدات و دەبێتە هۆکاری پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک دزی و گەندەڵی ئەخلاقی و تەنانەت فرۆشتنی ئەندامانی لەش کە لە ئێستادا لە کۆمەڵگای ئێران یەکجار زۆر ڕووی لە هەڵکشانە.

پرسی گرینگ لەم نێوانەدا ئەو جیاوازییەیە کە لە بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران بەبەراورد لەگەڵ باقی وڵاتانی جیهان بەدی دەکرێت؛ جیاوازی پرسی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە، لەڕاستیدا ئەوەیە کە لە وڵاتی ئێراندا حکوومەت و لە سەرووی ئەو، سپای پاسداران بڵاوکەرەوەی فەرمی ماددە هۆشبەرەکانە لە نێو کۆمەڵگادا.

لێرەشدا سپای پاسداران لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان تەنیا داهاتی فرۆشتنەکەی بۆ گرینگە کە دواتر بۆ پشتیوانی لە گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات سەرفیان دەکات. ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی ئەم گرووپانەوە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات و هەوڵ بۆ درووستکردنی هیلالی شیعی دەدات.

لەساڵی ١٣٦٠دا و لەگەڵ هەرزانبوونی نرخی نەوت، سپای پاسداران گەڵاڵەیەکی داڕشت، ئەویش بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بوو، ئەمە گەڵاڵەیەک بوو کە دەسەڵاتدارانی   کۆماری ئیسلامی دایانڕشت تاکوو درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆیان بدەن؛ هەروەها ئەمە یەکێک لەو هەوڵە جینایەتکارانەیەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بوو بۆ پڕکردنی گیرفانەکانیان.

سپای پاسداران لە ئێستادا قوتابخانە و زانکۆکانی کردووەتە بازاڕێک بۆ فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان و بەم هۆیەشەوە ڕێژەی تووشبووان لە نێو خوێندکاران و لاواندا ڕووی لە زیادبوون کردووە بەچەشنێک کە بەپێی ئامارەکان لە نێو لاواندا گەیشتووەتە تەمەنی ١١ ساڵ.

کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەم سیاسەتە قێزەونەوە دەیهەوێت کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ بکات و خەڵک بێئاگا و بێزار بکات لە سیاسەت و خەڵک سەرقاڵ بکات بە شتە لاوەکییەکانەوە؛ بەتایبەتی کە بەشێک لە تووشبووانی مادەهۆشبەرەکان لە نێو زیندانەکانی ڕێژیمدا تووش دەبن کە ئەم مەسەلە پرسیارێک دێنێتە ئاراوە! لە کەشوهەوایەکی وەها داخراو و ئەمنیەتیدا چۆن زیندانیان دەستیان ڕادەگا بە ماددە هۆشبەرەکان؟ کە بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە دەتوانین بڵێین لە نێو زیندانەکاندا ماددە سڕکەرەکان لە ڕێگەی بەرپرسانی نێو زیندانەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە و زۆر جار بە هەرزانتر لە بازاڕ و دەرەوەی زیندان مامەڵە دەکرێت؛ کەواتە بەگشتی دەتوانین بڵێین هۆکارەکانی تووشبوونی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارگەلی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی .

هۆکارەکانی تووشبوونی خەڵک لە بواری ئابوورییەوە بەو واتایە دێت کە ئابووریی داڕماو و لاوازی زاڵ بە سەر ئێران کە ڕێژیم بۆ خۆی هۆکاریەتی پەرەگرتنی کێشەگەلی وەک هەژاری، بێکاری و کەمبوونەوەی ئاستی کڕینی شتوومەک و پێداویستی ڕۆژانەی خەڵک  و دواجار خەمۆکی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە.

دەتوانین هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانیش بەم شێوەیە پۆلێن بکەین: بوونی خەمۆکی لە نێو کۆمەڵگا و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون، نەبوونی هەلی کار و نەبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتی و مەدەنی و تاکەکەسییەکان.

هۆکارە سیاسییەکانیش بریتین لە شکست و بۆنبەستی سیاسی لە کۆمەڵگادا کە خەمۆکی و بێزاربوونی کۆمەڵگای لە سیاسەتدا بەدواوەیە؛ نەبوونی بەشداریی سیاسی، واتە بەشدارنەبوونی خەڵک لە بیاڤی سیاسەتدا و خۆنەدیتنەوەی خەڵک لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات کە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی خەڵک لە سیاسەت و هەروەها هۆکارە فەرهەنگییەکان کە خۆیان لەم چەند خاڵەدا دەبیننەوە هۆکارن بۆ بەستێنخوڵقێنی پەرەسەندنی دیاردەی ئاماژەبۆکراو:

 نەبووونی سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرا لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان

 نەبوونی سیاسەتێکی ڕوونی پەروەردەیی و ئامووزشی

 نەبوونی بەرنامەیەکی ڕوون بۆ ئاگادار و وریاکردنەوەی کۆمەڵگا 

بەگشتی و لە کۆتایی ئەم کەتوارەدا دەتوانین بڵێین ئەگەرچی ڕێژیم بە ڕواڵەت وەها نیشان دەدات کە دژی ماددە سڕکەرەکانە بەڵام کاتێک ڕۆ دەچیتە نێواخنی ڕاستەقینەی هۆکارەکان و بەستێنخوڵقێنییەکان لەمەڕ پەرەسەندنی دیاردەی ئاماژەبۆکراو دەبینی کە سەری مارەکە هەر ڕێژیمە بۆیە دەبێ و پێویستە هەمووان و بەتایبەت لاوان لەمبارەوە وریا و وشیار بن تاکوو نەگلێن لەو پیلانانەی کە قازانجەکەی بۆ ڕێژیمە و خەسارەکەی بۆ کۆمەڵگا.