کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە درێژەی چالاکییەکانیان بڵاو کردەوە

12:33 - 18 گەلاوێژ 2722

"ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی لە ڕاگرتنی هەڵمەتەکانی کوژاندنەوەی ئاگر لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە کرد.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەنجومەنی سەوزی چیا لە ماوەی ٢٣ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە لەوانە پاراستنی گۆلی زرێبار، ڕێگریکردنی لە ڕاو، بردنەسەرەوەی ئاستی ئاگایی خەڵک لەسەر ژینگە، بەدواداچوون بۆ ڕێگری لە لەناوچوونی دارستانەکانی مەریوان، هێنان و زیادکردنی باڵندەی جۆراوجۆر بۆ گۆلی زرێبار، چالاککردنی کۆمیتەی منداڵان و پەروەردەیان لە قوتابخانەکان، لە چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە بە ئەژمار دێن.

لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا و دوای ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە دارستانەکانی مەریوان ڕوویان دا و دوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان گوێی خۆیان لە چارەسەری و کوژاندەوەی ئاگرەکان داخستبوو، ئەو ئەنجومەنە بە یارمەتیی خەڵک بە ئەرکی خۆی زانی کە لەو بارەوە هەموو هەوڵی خۆی بدات بۆ ئەوەی ڕێگری لە سووتان و تێکچوونی ژینگەی کوردستان بکات.  

ئەو ئەنجومەنە لەو ڕێگایەدا و خۆبەخشانە هەموو هەوڵی خۆی دا و چەندین ئەندامی کارای ئەو ئەنجومەنە لە درێژەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئاگردا سووتان و شەهید بوون.

کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان هەرچەند کاری سەرەکیی ئەو ئەنجومەنە نەبوو بەڵام ئەو ئەنجومەنە لێپرسراوانە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ بوو و لە لایەکەوە ئەوان بە ئەرکیان زانیوە و لە لایەکەوە لە نابەرپرسیی لایەنی پەیوەندیدار، کوژاندنەوەی دارستانەکانیان لە ئەستۆ گرتبوو.

ئەوان لەو ڕاگەیەندراوەدا هەروەها وتوویانە کە لە جیاتی دەسخۆشی و ماندوونەبوونی، دەیان جار تووشی بێ حورمەتی و بێ ڕێزی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار بوونەتەوە. هەر بۆیە ڕایدەگەیەنن کە لەوە بەدوا چالاکییەکانیان سەبارەت بە کوژاندنەوەی دارستانەکان ڕادەگرن و ئەو ئەرکە دەدەنە دەست لایەنی پەیوندیدار.

ئەنجومەنی سەوزی چیا یەکێک لە چالاکترین ڕێکخراوە ژینگەییەکانی کوردستان و ئێرانە و خۆشەویستییەکی تایبەتی لەلای چالاکان و خەمخۆرانی ژینگە و هەموو خەڵکی کوردستان هەیە.