کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنەکانی بەرجام بێ ئەنجام کۆتایی پێ هات

12:34 - 18 گەلاوێژ 2722

نزیک بە ٢٠ ساڵە کە دۆسییەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران لەسەر مێزی "ڕۆژاوا"یە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش کاریگەریی لەسەر ئەو دۆسییە هەیە بەڵام ئەو دۆسییە بێ ئەنجام درێژەی هەبووە.

لەو دۆسییەدا وڵاتانی ڕۆژاوایی زیاترین نیگەرانییان هەیە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش لە ئەمنییەتی خۆیان کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لێ دەکات نیگەرانن.

ماوەی چەند ڕۆژ بوو لە هۆتیل "کۆبۆرگ" لە وڵاتی ئۆتریش لەسەر  بەرجام دانوستان دەکرا هەتا ڕێککەوتنێک واژۆ بکرێ.

"جۆزپ بۆریڵ" نوێنەری پێوەندییەکانی دەرەوەی ئورووپا باسی لەوە کردووە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە ئامادەیە و دەبێ لایەنەکان واژۆی بکەن. ئەو ڕەشنووسە لەگەڵ ڕەشنووسی پێشوو زۆر جیاوازیی نییە.

دیپلۆماتێکی ئورووپایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت وتوویەتی ڕێژیمی ئێران حەزی لە لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان و باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵک نییە و تەنیا لە هەوڵی ئەوەدایە ناوی ئەو کەسانە بپارێزێت کە ماوەی ٢٠ ساڵە بە شێوەی نهێنی خەریکی چالاکییە ئەتۆمییەکانن.

ڕۆژاوا لەسەر پاشکەوتی ئۆرانیۆمی ٦٠ لەسەدی لەگەڵ ئێران کێشەی هەیە کە ئەو ڕێژەیە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە.

"ئێنریکە مۆرا" جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا وتوویەتی: "چوار ڕۆژ کارمان لەسەر ڕەشنووسی کۆتایی کردووە و دانوستانەکان کۆتاییان پێ هاتووە و ئیتر هیچ شتێک بۆ دانوستان نەماوە".

ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە ئورووپا ئەو ئیختیارەی نییە بە جێگای ئێمە بڕیار بدات کە ڕێكکەوتن واژۆ بکەین یا نا.

بەرپرسانی ڕۆژاوایی باس لەوە دەکەن ڕەشنووسێک بۆ ڕێککەوتنێک هەیە بەڵام ناکرێ پێی هیوادار بین.

ڕێژیمی ئێران لە داخوازییەکانی خۆی لەسەر ڕێککەوتنی ناوکی پاشگەز نییە و دەڵێت دەبێ سەرجەم گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئێران لابەرن ئەمجارە دەست بە وتووێژ بکەین.

گرینگترین ناکۆکیی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران لەبارەی وردیلەکانی ئۆرانیۆم لە سێ وێستگەی ئەتۆمیی خۆی هیچ ڕوونکردنەوەیەک نادات.

ستراتیژى نوێی ئامریکا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ڕێگه‌ له‌ ڕێژیمی ئێران بگیرێت، هەتا نەتوانێت تواناییە مووشه‌كییه‌كانى په‌ره‌ پێ بدات و ببێته خاوەن چەک و‌ مووشه‌كی ناوکی و نەهێڵن‌ پشتیوانی له‌ تێرۆر و تێكدانى دۆخى سه‌قامگیری ناوچه‌کە و میلیشیاکانى ناوچەکە به‌ ئامانجى تێكدان و له‌نێوبردنى ئه‌و وڵاتانە بکات.

دانڵد ترامپ، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران، پاڵپشتی سەرەکیی تێرۆریزمە، مووشەک هەناردە دەکات، ئاگری شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆش دەکات و لە گرووپە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا، حەماس، تاڵەبان و ئەلقاعیدە پاڵپشتی دەکات و وڵاتەکەی لە بەرجام دەکشێتەوە.